رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە حەوت هەزار دەنگدەرى نوێ کە یەکەمجارە بتوانن دەنگ بدەن، تۆمارى بایۆمەتریی دەنگیدانیان کردووە، بۆ چارەسەرى کێشەى ئەو کەسانەش کە پەنجەمۆریان ناخوێنرێتەوە، وێنەى روخسار هەژمار دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ى نیسانى 2025، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە 25ى ئادارەوە تاوەکو 9ى نیسان 140 هەزار و 370 دەنگدەر تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە کە حەوت هەزار و 122 یان ئەوانەن ساڵى 2007 لەدایکبوون و یەکەمجارە مافیان هەبێت دەنگ بدەن."
جومانە غەلاى گوتى: "تێکڕاى ئەو کارتى دەنگدانانەى تاوەکو 9ى نیسان دابەشکراون، 17 ملیۆن و 999 هەزار و 283 دانە بوون".
رۆژى 25ـی ئادارى 2025، نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران دەستیپێکرد کە بۆ مانگێک بەردەوام دەبێت، هەزار و 79 ناوەند بۆ ئەو مەبەستە لە سەرانسەرى عێراق کراونەتەوە.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى: "کار لەسەر گەرەنتیکردنى مافى ئەو دەنگدەرانە دەکەین کە پەنجەمۆریان نەخوێنراوەتەوە، ئەوەش لە رێگەى وەرگرتنى وێنەى روخسارى ئەو دەنگدەرە بۆ ئەوەى بتوانن بەشداربن لە هەڵبژاردندا و بۆ ئەو مەبەستە کامێراى بەستراو بە ئامێرەکانى وردبینى دەنگدەران لە سەرجەم وێستگەکان دادەنرێت ".
لە هەڵبژاردنەکانى پێشووى عێراق و هەرێمى کوردستان کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتى کردووە، رێژەى ئەو دەنگدەرانەى کە رێگەیان پێدەدرا لە ناوەندێکى دەنگدان بەبێ خوێندنەوەى پەنجەمۆر دەنگ بدەن، تەنیا 5%ى تێکڕاى دەنگدەرانى ئەو ناوەندە بوو.
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، رۆژى11 تشرینى دووەمى ئەم ساڵى دیاری کردووە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ