دادگەى فیدراڵى یەکەم دانیشتن لە بارەى مەرجى هێنانى ژنى دووەم لە هەرێمى کوردستان دەکات

10-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەى فیدراڵى عێراق یەکەم دانیشتن بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک دەکات، کە دژی مەرجى هێنانى ژنى دووەم لە هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە. سکاڵاکار دەڵێت "کۆنووسێک دەدەمە دادگە وەک زانیارى پاڵپشتى سکاڵاکە".
 
یەکشەممە 12ى ئایار دادگەى باڵاى فیدراڵى یەکەم دانیشتن بۆ تاوێکردنى ئەو سکاڵایە دەکات، کە لە دژى پێنج مەرجى هێنانى ژنى دووەمە لە یاسای بارى کەسێتى، کە لە دواى هەموارکردنى یاساکە لە پەرلەمانى کوردستان زیاد کراون.
 
پارێزەر بەرهەم رەئوف عەلى، کە سکاڵاکەی کردووە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بۆ دانیشتنى یەکەمى دادگە، کۆنووسێکى زانیارى پێشکێش دەکات کە پاڵپشتى سکاڵاکەى دەبێت، لەوانە ئامارى جیابوونەوە لە ساڵى 2023 لە عێراقدا.
 
بەگوێرەى هەموارەکەی پەرلەمانی کوردستان، کە لە مادەی 7ی یاساکەدا کراوە، هێنانى ژنى دووم بەبێ رەچاوکردنى ئەو مەرجانە، سزاکەى بەندکردنە بۆ ماوەى ساڵێک بەبێ ئەوەى دادوەر بتوانێت جێبەجێکردنى سزاکە رابگرێت و 10 ملیۆن دیناریش سزاى پێبژاردن دەدرێت.
 
بەرهەم رەئوف عەلى دەڵێت، "ئەم مەرجانە دەستى دادوەرى گرتووە، ئەگەر ئەویش رازى بێت و سەرجەم مەرجەکانى تێدا نەبێت، ناتوانێت بڕیار بدات".
 
ئەو مەرج و سزایانەى کە لە هەرێمى کوردستان بۆ هەموارى یاسای بارى کەسێتى ژمارە 188ى ساڵى 1959 زیاد کراون، لە عێراق نین. لە یاساکەی عێراق تەنیا دوو مەرج هەن بۆ هێنانى ژنى دووەم کە بریتین لەوەی کچەکە گەیشتبێتە تەمەنى 18 ساڵى و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات.
 
پێشتر لە 30ى تشرینى دووەمى 2022 دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەى مادەى 18ی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى. لە مادە هەموارکراوەدا هاتووە، "ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابوونەوەى دەبێت"، بەڵام دادگەی فیدراڵی دەڵێت، ئەو هەموارە "نادەستوورییە".
 
بەگوێرەى بڕگەى 5ی مادەى 40ـی یاسای بارى کەسێتیى عێراقى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کارى پێدەکرێت، ئەگەر پیاوێک بەبێ رەزامەندى دادگە ژنێکی دیکە بهێنێت، هاوژینى یەکەم بۆى نییە سکاڵاى یاسایی پێشکێش بکات، بەڵام پەرلەمانى کوردستان یاساکەی هەموارکردووەتەوە و ئەو بڕگەیەی لاداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

سوودانى: هاوخەمى گەلى ئێران و بەرپرسانى ئەو وڵاتەین

سەرۆکوەزیرانى عێراق پرسەنامەى ئاراستەى گەل و حکومەتى کۆمارى ئیسلامیى ئێران کرد بەهۆى گیانلەدەستدانى سەرۆککۆمار و وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە و، راگەیاند "هاوخەمى گەلى ئێران و بەرپرسانى ئەو وڵاتەین."