رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانەکانی پەرلەمانتارێکی عێراق لە پارێزگای دیالە ھێرش دەکەنە سەر کەسێک و بە سەختی برینداری دەکەن. پۆلیس دەڵێت، دەستگیریان کردوون.
شەوی رابردوو پاسەوانەکانی تەھا مجەمەعی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای دیالە، بە چەقۆ و دەمانچە پەلاماری کەسێکیان بەناوی قاسم محەممەد عەبد دا، بەو ھۆیەوە بە سەختی بریندار بوو و گەیێندرایە نەخۆشخانە.
هەیسەم سەلمان شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە ئەمڕۆ شەممە 10ی ئایاری 2025 هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، رووداوەکە لە ناوچەی گاتوون لە رۆژئاوای بەعقوبە روویداوە، دەمەقاڵێ دروستبووە، ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە، ھەردوولاش ناسیاوی یەکدین.
دوێنێ لە ناوچەی گاتوون دەیان کەس لە دانیشتووانی رۆژئاوای بەعقوبە (ناوەندی پارێزگای دیالە) بەھۆی خراپی خزمەتگوزاریی ناوچەکەیان خۆپێشاندانیان کرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکرێت، ئەو گەنجە رەخنەی لە خراپیی خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە گرتووە، لەوانەش پڕۆژەی ئاوەڕۆی رۆژئاوای بەعقوبە و ئەو پەرلەمانتارەش نوێنەری ناوچەکەیانە.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە گوتی، ھێزە ئەمنییەکان رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر، دەستگیریان کردوون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
تەھا یاسین جەسام حەموود مجەمەعی، پەرلەمانتاری سەروەریی سوننەکانە، لە ھەڵبژاردنی رابردوودا 12,773 دەنگی ھێنا، ئەندامی ھەردوو لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی و ئەوقاف و ھۆزەکانە لە پەرلەمانی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ