عێراق وەزارەتێکی هاوتەریب لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە دروستدەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیپان رۆژهەڵاتی
گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا
گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق چووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی وەزارەتەکاندا دەکرێت و هەوڵێکیش هەیە بۆ دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ بەناوی "وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە".
 
سەیف مەنسووری، ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو لە 9ی ئەم مانگەدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کارنامەی وزاری پێشکێش بە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە. 
 
ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی دزەپێکراوەکان و سەرچاوە فەرمییەکان، پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە یان چوارشەممەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێ بەڕێوەبچێت.
 
یەکێک لە دیارترین ئەو خاڵانەی سەیف مەنسووری جەختی لێکردەوە، هەوڵەکانە بۆ هێنانەکایەی وەزارەتێکی نوێ بەناوی "وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە". بوو، رایگەیاند: "ئەم وەزارەتە وەک پاڵپشت و یاریدەدەرێک بۆ وەزارەتی دەرەوەی فەرمی کار دەکات، بەتایبەت لە رێکخستنی دیدگە و سیاسەتە ناوخۆییەکان و پێشکەشکردنیان بە وەزارەتی دەرەوە."
 
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە بەهۆی ئاڵۆزیی دۆخی ناوچەکە و ململانێ هەرێمییەکانە، تاوەکو عێراق بتوانێت سیاسەتێکی هاوسەنگ و یەکگرتوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەیڕەو بکات. 
 
هەروەها دڵنیایی دا ئەم وەزارەتە نابێتە رکابەری وەزارەتی دەرەوەی سیادی کە پشکی کوردە، بەڵکو تەنیا وەک فاکتەرێکی یاریدەدەر و بۆ یەکخستنی بەرەی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوە کار دەکات. گوتیشی: "ئەم مۆدێلە پێش ساڵی 2003 و لە کابینەی دووەمی مالیکیشدا هەبووە."
 
سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان، مەنسووری ئاشکرای کرد، چوارچێوەی هەماهەنگی (وەک نوێنەری پێکهاتەی شیعە) 12 بۆ 13 وەزارەتی بەردەکەوێت و نزیکەی 80٪ی کارەکان یەکلا بوونەتەوە. گوتیشی وەزارەتەکان بەپێی سیستمی خاڵبەندی دابەشکراون، بەڵام ئەگەری گۆڕینەوەی هەندێک وەزارەت لەنێوان کوتلەکاندا هەیە، وەک گۆڕینەوەی وەزارەتی رۆشنبیری بە لاوان و وەرزش، یان پەروەردە بە خوێندنی باڵا.
 
پێشبینی دەکرێت سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو لە دانیشتنی داهاتوودا زیاتر لە نیوەی کابینەکەی پێشکێش بکات بۆ ئەوەی حکومەتێکی شەرعیی بەشەکی دەستبەکار بێت و دوای جەژن تەواوی وەزارەتەکانی دیکە پڕ بکرێنەوە.
 
پۆستی وەزارەتی نەوت بۆ هاوپەیمانییەکەی سوودانی دەبێ 
 
سەیف مەنسووری باسی لەوە کرد، هاوپەیمانییەکەیان (ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان) بەهۆی ئەوەی خاوەنی 51 کورسییە و براوەی یەکەمە، مافی خۆیەتی 5 وەزارەت وەربگرێت، بەڵام بەهۆی جیاوازیی خاڵی وەزارەتە سیادییەکان، چاوەڕوان دەکرێت 3 بۆ 4 وەزارەتیان بەربکەوێت.
 
بەپێی گوتەکانی مەنسووری وەزارەتی نەوت بەپێی عورفی سیاسی، پشکی براوەی یەکەمە لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و بۆ ئەم هاوپەیمانییە یەکلابووەتەوە. وەزارەتی کارەبا، گفتوگۆی جیدی لەسەرە و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لای هاوپەیمانییەکی سوودانی دەمێنێت و لەسەر وەزارەتی لاوان و وەرزشیش لە گفتوگۆدان.
 
محەممەد شیاع سوودانی پۆست وەرناگرێ
 
لە کۆتاییدا، مەنسووری تیشکی خستە سەر رۆڵی محەممەد شیاع سوودانی وەک سەرۆکی ئەم هاوپەیمانییە و رایگەیاند، زیاتر وەک سەرکردەیەکی سیاسی و "کلیلی چارەسەری قەیرانەکان" رۆڵ دەگێڕێت و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی، چەندین جار لە پۆست و شایستەکانی پاشەکشەی کردووە، بەڵام وەک سەرۆکی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، پارێزگاری لە مافی جەماوەرەکەیان دەکات و بەشداری لە کابینە ناکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەلا کەریم شکوور

چانسی بەربژێرە سەرنەکەوتووەکەی کورد لە سەلاحەددین بۆ گەیشتنە پەرلەمان زیندوو دەبێتەوە

چاوەکان لەسەر پەرلەمانی عێراقن بۆ دەنگدان لەسەر کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو؛ پەرلەمانتارێکی عێراقیش دەڵێت، ئەگەر ئەو ببێتە وەزیر، ئەوا کوردێک لە پەرلەمان شوێنەکەی دەگرێتەوە