رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە رایدەگەیێنێت، لایەنە کوردی و سوننەکان لەسەر پشکی خۆیان لە کابینەی نوێ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو رێککەوتوون. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمریکا "ڤیتۆی" لەسەر وەرگرتنی وەزارەت لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارانەوە هەیە کە نایانەوێت چەکەکانیان رادەست بکەن.
رۆژی یەکشەممە 10ی ئایاری 2026، عەبدوڵڵا زەیدی، لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "بەپێی زانیارییەکان، برایانی کورد و سوننە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو رێککەوتوون و وەزارەتەکانیان وەک خۆیان دەمێننەوە."
سەبارەت بە کاتی پێکهێنانی حکومەت، عەبدوڵڵا زەیدی گوتی، "هیوادارین لە ناوەڕاست یان کۆتایی ئەم هەفتەیەدا حکومەت تێپەڕێت، ئەگەر سێشەممە نەبێت، پێشبینی دەکەم رۆژی پێنجشەممە بێت، تەنانەت ئەگەر کابینەکەش تەواو نەبێت، بەڵام بە زۆرینەی رەها (نیوە + 1) تێپەڕ دەبێت."
عەبدوڵڵا زەیدی رایگەیاند، کورد چوار وەزارەت و پێکهاتەی سوننەش شەش وەزارەتیان دەبێت، تەنیا گۆڕانکارییەک کە چاوەڕوان دەکرێت، زیادکردنی جێگرێکی سەرۆکوەزیرانە کە بێ وەزارەت دەبێت.
بە گوتەی عەبدوڵڵا زەیدی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی (شیعە) لەبەردەم دوو ئاستەنگی سەرەکیدایە، ئەوانیش پرسی گرووپە چەکدارەکان، "ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر ئەو هێزانە هەیە کە باڵی چەکدارییان هەیە و دەیانەوێت وەزارەت وەربگرن؛ واشنتن مەرجی هەیە کە دەبێت ئەو لایەنانە تەنیا کاری سیاسی بکەن و چەکەکانیان (بەتایبەت مووشەک ودرۆن) رادەستی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بکەن."
ئاستەنگی دووەم دابەشکردنی پۆستەکانە بەپێی خاڵ. زەیدی دەڵێت، لایەنە شیعەکان هێشتا لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان بەپێی "سیستمی خاڵ" رێکنەکەوتوون. ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتە سیادییەکانی وەک نەوت و دارایی پێویستیان بە 15 بۆ 18 خاڵە و تاوەکو ئێستا دوو لەسەر سێی وەزارەتەکانی پشکی شیعە یەکلا نەکراونەتەوە.
سەبارەت بە ناوی وەزیرە بەربژێرەکان، عەبدوڵڵا زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری هەیە هەندێک وەزیر لە پۆستەکانیان بمێننەوە، وەک خالید شوانی (وەزیری داد). هەروەها گوتیشی، "باس لەوە دەکرێت سروە عەبدولواحید ببێتە وەزیری ژینگە، بەڵام ئەستەمە تەیف سامی، وەزیری دارایی ئێستا دووبارە ببێتەوە، چونکە وەزارەتەکە دەدرێتە لایەنێکی سیاسی و ئەوان کاندیدی خۆیان دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ