پەرلەمانتارێکی یەکێتی: پاشەکەوتی مووچە و مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان لە مادەی 14 نەبێت، دەنگی پێنادەین

10-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر دەقی مادەی 14ـی رەشنووسی بودجە لە دوای گۆڕانکاریی کۆتایی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بگۆڕێت، دەنگی پێنادەن و فراکسیۆنەکەیان رژدە لەسەر هێشتنەوەی هەردوو بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆی حکومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و گێڕانەوەی رێژەی 10٪ـی پاشەوکەتی مووچەی فەرمانبەران.

رۆژی شەممە، 10-6-2023، گەیلان قادر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تائێستا هیچ دەقێکی نوێمان لا نییە؛ تەنیا ئەوە نەبێت کە لیژنەی دارایی دەنگی پێداوە، بۆیە ئەو گۆڕانکارییانەی باسدەکرێن لای ئێمە نییە و دەنگی پێ نادەین."
 
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی گوتیشی، "ئەو دوو بڕگەیە پێشنیازی فراکسیۆنی یەکێتییە، ئەگەر لە رەشنووسی نوێ نەبێت، دەنگ بۆ ئەو مادەیە نادەین."
 
بڕیاربوو سێیەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بکرێت، هەرچەندە زەنگی چوونەژوورەوەی پەرلەمانتارانیش لێدرا، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆبوونەوە دەستیپێنەکردووە و دواخراوە تاوەکو ژمارەی یاسایی ئامادەبووان تەواو دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە