رووداو دیجیتاڵ
لە 15ى تەممووزەوە ناو تۆمارکردنى بەربژێرانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەستپێدەکات و لە 1ى ئەیلوول تیروپشکى ژمارەى بەربژێر و هاوپەیمانێتییەکان دەکرێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژی دووشەممە 10-07-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە 15ى تەممووزەوە تۆمارکردنى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکات، ئەوەش لە رێگەى پڕکردنەوەى فۆرمێکى تایبەت و رادەستکردنى بە نووسینگەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکانى عێراق.
دەبێت بەربژێران لەڕووى بڕوانامە، نەبوونى تاوان، گەندەڵى و بەعسیبوونەوە وردبینی بکرێن. عیماد جەمیل گوتیشى، "لەدواى رادەستکردنی ئەو فۆرمە لەلایەن بەربژێرەکانەوە، پڕۆسەى وردبینیکردنیان دەستپێدەکات، ئەوەش لە رێگەى راستاندنى بڕوانامەکانیان."
هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ى کانوونى یەکەم دەکرێت؛ لە 1ى تەممووزەوە دەرگاى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکان لە کۆمیسیۆن کراوەتەوە و تاوەکو 30ی تەممووز بەردەوام دەبێت.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژە بەوە دەکات، وردبینیکردنى بەربژێران تاوەکو 1ى ئەیلوولى 2023 بەردەوام دەبێت و ئەو رۆژە تیروپشک بۆ ژمارەى بەربژێر و هاوپەیمانێتییەکان دەکرێت.
یەکەمجارە لە ساڵى 2013وە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت. کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ساڵى 2019 بە بڕیارى پەرلەمانى عێراق سڕ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ