چەند بڕیارێک لە حکومەتى عێراقەوە؛ موڵکى زێدەڕۆ بە قیستى 20 ساڵ

10-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا خانووى زێدەڕوی سەر زەویى شارەوانى بە قیستى 20 ساڵ بدرێت بەو کەسانەى دروستیان کردووە. گومرگى سەر کلێنس و قاپى سەفەرى زیاد دەکرێت. دەسەڵات درایە سەرۆکوەزیران ئەو پۆستانە یەکلابکاتەوە کە لە بەڕێوەبەرى گشتى باڵاترن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ى ئابى 2025، 32ـیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانى ئەنجامدرا.
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق ناوەڕۆکى بڕیارەکانى ئەو کۆبوونەوەیەى بڵاوکردەوە کە تایبەت بوون بە پرسە کارگێڕی و ئابوورییەکان.    
 
 زەویى زێدەڕۆ بە قیستى 20 ساڵ
 
بەگوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیران، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی خانووى زێدەڕۆ، ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر هەموارکردنەوەی بڕیاری ژمارە (20ی ساڵی 2025) دا، کە تایبەتە بە فرۆشتنی ئەو زەوییە نیشتەجێیانەی [بە شێوەی یاسایی جیاکراونەتەوە و موڵکی شارەوانین] بەو کەسانەی زیادەڕۆییان کردووەتە سەری و پێش 10ى کانوونى یەکەمى 2024 خانوویان لەسەر دروستکردووە.
 
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە ئەو زەوییانەى بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، بە قیستی 20 ساڵ بەو کەسە دەفرۆشرێتەوە کە خانووى لەسەر دروست کردووە، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی مەرجی سوودمەندبوونی پێشووتر لەکاتی فرۆشتن بەو کەسەی بڕیارەکە دەیگرێتەوە.
 
گومرگ لەسەر دەسڕ و قاپى سەفەرى زیاد کرا
 
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بڕیاریدا گومرگی قاپ و دەفری سپی دروستکراو لە مادەی پۆلیستایرین بۆ پاراستنی خۆراک، 30% زیاد بکرێت کە لە  وڵاتى سەرچاوەى دروستکارییەوە هاوردە دەکرێت.
 
هەروەها ئەو ئەنجوومەنە بڕیاریدا گومرگى بەرهەمی کلێنسی کاخەز زیاد بکات بۆ 75% کە هاوردەی عێراق دەکرێت.
 
 بڕیارى زیادکردنى گومرگى سەر ئەو بەرهەمانە بۆ ماوەی چوار ساڵە و  دوای (120) رۆژ لە دەرچوونی بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
 
دەسەڵاتى دیاریکردنى پۆستە باڵاکان یەکلا کرانەوە
 
 یەکێک لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ئەوە بوو کە دەسەڵات بە سەرۆکوەزیران بدرێت بۆ دیارکردنى هەر کەسێک کە بە گونجاوی بزانێت بۆ وەرگرتنی یەکێک لە پۆستە باڵاکان کە لە بەڕێوەبەری گشتی بەرزتر بن.
 
 بەپێى بڕیارەکە، لەکاتی چۆڵبوونی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی، وەزیری پەیوەندیدار، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکە، یان لێهاتووترین یان کۆنترین فەرمانبەری فەرمانگەکە بە شێوەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنى ئەو پۆستە رادەستپێردرێت کە لە سێ مانگ زیاتر نەبێت، تاوەکو جێگرەوەیەک بۆ ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە دیاری دەکرێت.
 
 ئەو کەلوپەلانە سڕانەوە کە "داعش دزیونى"
 
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق راسپاردەیەکى بە دەنگدان پەسند کرد کە تایبەت بوو بە چارەنووسی ئەو کەلوپەلانەى لەکاتى هێرشى رێکخراوى داعش دیارنەماون.
 
لە راگەیێنراوەکە هاتووە: "بڕیاردرا بە سڕینەوەی ئەو کەلوپەلانەی لەلایەن داعشەوە دزراون، بەگوێرەی ئەوەی لە هەردوو لقی سەنتەری نیشتمانیی تاقیگەکانی بیناسازیی لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین هاتووە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عێراق بەدەست کەمترین ئاستی ئاوەوە دەناڵێنێت لە 80 ساڵی رابردوودا

داهاتی ئاو لە بابل 75% کەمبووەتەوە؛ "جووتیاران کۆچ دەکەن"

پارێزگای بابل لە باشووری بەغدا رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی کەمئاوی بووەتەوە، بە جۆرێک داهاتی ئاو لە رووباری فوراتەوە بە رێژەی 75% دابەزیوە. ئەم دۆخە وای کردووە بەشێکی زۆری جووتیاران ناوچەکانیان جێبهێڵن