لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای لێبوردنی گشتیی رەوانەی سەرۆکایەتی کرد

10-09-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 10ی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقدا گفتوگۆ لەبارەی هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی کرا و لیژنەی یاسایی پڕۆژەیاساکەی رەوانەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە. 
 
عەرەبی سوننە پێیوایە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی ناوچە زۆرینە سوننەنشینەکان بە ناڕەوا زیندانی کراون، بۆیە دەرکردنی یاسای لێبووردنی گشتی یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان بوو بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی. 
 
لەبارەی نێوەڕۆکی پڕۆژەکە، ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق گوتی، پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت، ئەوکات فراکسیۆن و پەرلەمانتاران سەرنج و تێبینی و داواکاریی خۆیان پێشکێش دەکەن بۆ ئەوەی لەنێو پڕۆژەکەدا جێگەیان بکرێتەوە و دواتر دەخرێتە دەنگدانەوە بە مەبەستی پەسندکردنی.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە