رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا پارێزەرێک لەنێو نووسینگەکەی خۆی بە چەقۆ کوژرا و نوێنەرى سەندیکاى پارێزەرانیش دەڵێت، "دوو کەس گومانلێکراون."
رووداوەکە ئێوارەى رۆژی پێنجشەممە، 9ى تشرینى دووەمى 2023 لە ناوچەى دۆرەى بەغدا روویداوە و پارێزەرەکە ناوی عەدنان نعێمى بوو.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق، عەدنان نعێمى بە چەقۆ کوژراوە و تۆمەتبارەکان لە رێگەى کامێرای چاودێرییەوە ناسراونەتەوە، هەروەها مۆبایلى تۆمەتبارەکان لە کاتى تاوانەکەدا بەجێماوە.
ئەمجەد جبوورى، نوێنەرى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق بۆ ئەو دۆسیەیە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، "پاڵنەرەکانى ئەو هێرشە دیار نین، دوو کەس وەک گومانلێکراو دەستنیشان کراون کە قسەیان لەگەڵ ئەو پارێزەرە کردووە."
ئەمجەد جبوورى ئاماژەى بەوەشدا کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و دۆسیەکە لە بنکەى پۆلیسی دۆرەیە. گوتیشى، "هاوکارمان عەدنان نعێمى زیاتر لە دۆسیەکانى بارى کەسێتى کارى کردووە."
بەگوێرەى ئامارەکانى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق، لە دواى ساڵى 2003ـەوە تاوەکو 2020، 194 پارێزەر لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ