رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی یەکەمی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، ئەو 2500 سەرباز و راوێژکارە سەربازییەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراقن لەوێ دەمێننەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، چاوەڕێ دەکەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر سوپای ئەمریکا و هێزە عێراقییەکان زیادبکەن.
فرانک مکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت، لە کۆتایی ئەم مانگەوە ئەرکی هێزەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق گۆڕانی بەسەردا دێت و کردە سەربازییەکان دەوەستێنن، بەڵام ئەوان بەردەوام دەبن لە پێشکێشکردنی پاڵپشتیی ئاسمانی و جۆرەکانی دیکەی یارمەتی سەربازی بە هێزە عێراقییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
"گرووپەکانی نزیک لە ئێران هێرشەکانیان زیاددەکەن"
فەرماندەکەی سوپای ئەمریکا دەڵێت، ئاگادارە کە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەیانەوێت تەواوی هێزە رۆژئاواییەکان عێراق جێبهێڵن و هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت بە درێژایی ئەم مانگە هێرشەکانیان دژی ئەو بنکانە زیادبکەن کە هێزەکانی ئەمریکا و هێزە رۆژئاواییەکانی دیکەیان تێدا دەمێننەوە.
رۆژی پێنجشەممە 9-12-2021 دوایین گەڕی کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەغدا بەڕێوەچوو؛ دوای کۆبوونەوەکە بەرپرسانی عێراق رایانگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگەوە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی فەرمی لە شەڕکردنەوە بۆ راوێژدان و یارمەتیدانی هێزە عێراقییەکان دەگۆڕدرێت.
فرانک مکێنزی لەو بارەوە قسەی کرد و گوتی: "هێزەکانمان لەو بنکانە کەمکردوونەتەوە کە پێویستمان پێیان نەبوو. ئەو هەنگاوەی ناومانە وا دەکات کەم رووبەڕووی رەخنە ببینەوە. سەرەڕای ئەوە، عێراقییەکان هێشتا دەیانەوێت ئێمە لەوێ بین. ئەوان هێشتا بوونی ئێمەیان بەلاوە گرنگە؛ هەربۆیە تاوەکو ئەوان مانەوەی ئێمەیان بەلاوە باش بێت و هەردوولامان لەسەر ئەو بابەتە هاوڕا بین، ئێمەش لەوێ دەبین".
"داعش خەریکی خۆڕێکسختنەوەیە"
چەند هەفتەیەکە جموجووڵەکانی داعش لە هەندێک ناوچە زیادیان کردووە، بە جۆرێک لە 26ی مانگی رابردووەوە تاوەکو 6ی ئەم مانگە و لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەو گرووپە پەڕگیرە بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە و هاونیشتمانییان لە گەرمیان، پردێ و مەخموور 22 پێشمەرگە و هاونیشتمانی شەهید بوون. مکێنزی لەبارەی جموجووڵەکانی ئەو گرووپە پەڕگیرە قسەی کرد و گوتی، پێی وایە داعش بەردەوام دەبێت لەوەی لە عێراق وەک هەڕەشەیەک بمێنێتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێستا داعش سەرقاڵی "دروستکردنەوەی خۆیەتی، بەڵام دەکرێت لەژێر ناوێکی دیکەدا بێت". فەرماندەکەی سوپای ئەمریکا گوتی، خاڵی گرنگ ئەوەیە کە نابێت رێگە بدرێت داعش لە گرووپەکانی دیکەی هاوشێوە لە جیهاندا نزیک بێتەوە و پێویستە رێگەنەدرێت کە بەهێزتر و مەترسیدارتر بێت.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لەبارەی ئەرکی ناتۆ لە عێراقیش قسەی کرد و گوتی، ناتۆ دەستی بە زیادکردنی رۆڵی خۆی لەو وڵاتە کردووە، هەروەک ئەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو. لەبارەی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق لە داهاتوودا، مکێنزی رایگەیاند، پشت بەو رێککەوتنانە دەبەستێت لە داهاتوودا لەنێوان هەردوو حکومەتی ئەمریکا و عێراقدا لەو بوارەوە واژۆدەکرێن.
"ئێران دەیەوێت لە ناوچەکە دەربچین"
لە ساڵی 2003دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژمارەیەک لە هاوپەیمانەکانی هێرشیانکردە سەر عێراق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی سەددام حوسێن هێنا. لە کۆتایی 2011دا تەواوی سەربازانی ئەمریکا خاکی عێراقیان جێهێشت، بەڵام لە ساڵی 2014دا و دوای ئەوەی داعش نزیکەی یەک لەسەر سێی خاكی عێراقی کۆنترۆڵکرد، جارێکی دیکەی سوپای ئەمریکا لە سەر داوای حکومەتی عێراق گەڕایەوە وڵاتەکە.
بەرپرسانی ئێران بە بوونی سوپای ئەمریکا لە عێراق خۆشحاڵ نین. گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیش دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە کانوونی دووەمی 2020 زیادیکرد.
مکێنزی لەو بارەوە قسەی کرد و رایگەیاند: "ئێران هێشتا ئەو تێڕوانینەی هەیە کە دەیەوێت ئێمە لە ناوچەکە بکاتە دەرەوە و پێی وایە گۆڕەپانی سەرەکیش بۆ ئەو کارەی بریتییە لە عێراق. پێم وایە ئێرانییەکان ئەو بۆچوونەیان هەیە کە دەیانەوێت گرژییەکان لە عێراقدا هێندە زیادبکەن کە ئێمە لەو وڵاتە دەربچین".
لە کۆتایی مانگی رابردووەوە دانوستاندنەکانی تایبەت بە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەستیان پێکردووەتەوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا پێشکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست نەهاتووە. مکێنزی گوتی، ئێرانییەکان پێیان وایە ئەو سیاسەتەی کە هەیانە کاریگەریی لەسەر دانوستاندنەکانی تایبەت بە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی نابێت، بەڵام "من پێم وایە ئەوان ناتوانن ئەو دوو شتە لە یەکدی جیابکەنەوە".
سوپای ئەمریکا لە یارمەتیدانی هەسەدە بەردەوام دەبێت
لە ئەیلوولی 2014دا سوپای ئەمریکا بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی داعش لە نێو کۆبانی و دەرەوەی ئەو شارە دەستی بە یارمەتیدانی شەڕڤانان کرد؛ دواتریش پێکەوە کارکردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و شەڕڤانان زیادبوو تاوەکو لە ئاداری 2019دا تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە بەری رۆژهەڵاتی فورات کۆنتڕۆڵکرانەوە.
ئێستا ئەمریکا نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و بنکەی سەربازیی تەنف لە سووریا هەیە. مکێنزی لەو بارەوە گوتی، سوپای وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدان و راوێژدان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە بۆئەوەی بتوانن لە ئۆپەراسیۆنەکانی تایبەت بە تێکشکاندنی یەکجارەکی داعشدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
مکێنزی گوتی، نازانێت تاوەکو کەی پێویست دەکات سوپای وڵاتەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بمێنێتەوە، بەڵام هێشتا کاری زیاتر ماوە کە دەبێت بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ