رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، هەر بەربژێرێک لەدواى داخستنى دەرگەى خۆبەربژێرکردن و دیاریکردنى ژمارەکەى بکشێتەوە، نە ناوەکەى دەسڕدرێتەوە، نە ئەو پارەیەشى بۆ دەگەڕێندرێتەوە کە وەک رسومات لێی وەرگیراوە.
رۆژی 11ى نیسانى 2024 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤان کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دواى داخستنى دەرگاى ناو تۆمارکردنى بەربژێران، هیچ بەربژێرێک ناتوانێت بکشێتەوە و ناوەکەى لاببات، ئەگەر لە دواى راکێشانى تیروپشکى ژمارەى بەربژێرانی سەربەخۆ و پارت و هاوپەیمانێتیەکانیش بکشێتەوە ناوى لەسەر فۆڕمى دەنگدان هەر دەمێنێتەوە.
ستار خدر ئەحمەد ناسراو بە "شێخی بادینان" لەگەڵ سەردار کەرکووکی کە دوو کەسی چالاکی سۆشیال میدیا بوون و خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەربژێرکردبوو، بەر لە راکێشانى تیرو پشکى ژمارەى بەربژێر و پارت و هاوپەیمانێتیەکان کشانەوە.
57 بەربژێرى سەربەخۆى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ناوى خۆیان تۆمار کردووە، کە 8ى نیسان تیروپشکى ژمارەکانیان لەلایەن کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راکێشرا.
بەگوێرەى رێنماییەکانى کۆمیسیۆن هەر بەربژێرێک دەبێت بڕى یەک ملیۆن دینار بدات وەک رسوماتى کۆمیسیۆن، بڕى 250 هەزار دینارى دیکە دەدات بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق و 60 هەزارى دیکەش دەدات بە وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لەبرى وردبینى لە ناوەکانیان.
عیماد جەمیل گوتی: "ئەگەر بەربژێرەکە لەدواى داخستنى دەرگاى خۆبەربژێرکردن بکشێتەوە، ئەو بڕە پارەیەى بۆ ناگەڕێندرێتەوە کە لێی وەرگیراوە."
رۆژی 10ـى حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ