رووداو دیجیتاڵ
لە خشتەکانی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، پارە بۆ بەشێک لە چالاکی و وەزارەتەکان تەرخانکراون کە بەلای بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە دەرفەتن بۆ گەندەڵی، جگە لەوەی پارە بۆ هەندێک بوار تەرخانکراون کە هیچ داهاتێکیان نایەتە نێو بودجەوە و بەشێکیان بە ژمارە"سەیر"ەکانی بودجە ناودەبرێن، پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ دەڵێت" ئەو پارانە بۆ گەندەڵییە و خەرجناکرێن."
بەشێک لە ژمارە و پارە تەرخانکراوەکانی نێو رەشنووسی گشتی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، سەرسوڕمانیی بەشێک لە پەرلەمانتاران و تێبینی ئەوانی لەسەرە، تەنانەت لەنێو لێژنەی داراییش بەشێکیان وەکو تێبینی ئامادەکراون بۆ ئەوەی لە دانیشتنی پەسەندکردنی بودجە تێبینی لەسەر بدەن.
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ خشتەکانی رەشنووسەکە دەردەکەوێت پارە بۆ هەندێک بوار تەرخانکراوە کە بەلای بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە دەروازەن بۆ گەندەڵی.
ئەمەی خوارەوە بەشێکە لەو بەش و شوێنانەی بەپێی خشتەکان پارەیان بۆ تەرخانکراوە:
- 300 ملیار دینار بۆ حەشدی شەعبی بەناوی "ئاسایشی خۆراک."
- پشتیوانیکردنی سۆماڵ، کۆمکاری عەرەبی، سودان و کۆماری قەمەر و دەسەڵاتی فەلەستینی و پشتیوانی قودس و ئەقسا: 38 ملیار و 192 ملیۆن و 154 هەزار دینار
- سەردانە ئایینییەکان: 50 ملیار دینار
- زیانی گۆڕینی دراو (وەزارەتی دارایی): 391 ملیار و 287 ملیۆن و 219 هەزار دینار
- کڕینی ئاژەڵ "سەگی K9" بۆ وەزارەتی کارەبا: 111 ملیار و 480 ملیۆن دینار
- خواردن بۆ راگیراوان: یەک ملیار و 850 ملیۆن دینار
- پشتیوانیکردن لە یاریی گۆڵف: 600 ملیۆن دینار
- 100 ملیار دینار بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و ئابووری پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی روودواوی راگەیاند، "بەشێک لەو ژمارانەی لەنێو خشتەکانی بودجەدا هەن ناڕاست و نادروستن، بەتایبەت لە خشتەکاندا، لیژنەی دارایی بەدواداچوونیان بۆ بەشێکی کردووە، بەڵام بەشێکی دیکەی بەناڕوونی ماوەتەوە."
لەکاتێکدا کە عێراق زۆر کێشەی هەیە و پێویستی بە تەرخانکردنی پارە بۆ خزمەتگوزارییەکان هەیە، وەکو سیپان شێروانی دەڵێت "هەندێک بواری ناپێویست هەن کە پارەیان بۆ خەرجدەکرێت ئەگەر پارە بۆ تەرخانکراوەکانیان خەرج بکرێن یان نا هەر گەندەڵییە، چونکە ناپێویستە."
پشتیوانیکردنی یاریی گۆڵف کە تاوەکو ئێستا لە عێراق هیچ یاریگەیەکی گۆڵف نییە، تەرخانکردنی پارە بۆ سەردانییە ئاینییەکان، لەکاتێکدا لە عێراقدا زیاتر لە 500 مەزارگەی ئایینی و شوێنی پیرۆز هەن و بەشێکیان داهاتی زۆریان هەیە و داهاتەکانیان ناگەڕێنەوە بۆ دەوڵەت، کڕینی سەگی پاسەوانی و شتی دیکەش لەو ژمارە سەیرانەن کە لە رەشنووسی بودجەکەدا هەن.
لای خۆیەوە هادی سەلامی، ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق کە پێیوایە دەرفەتی گەندەڵی لە رەشنووسی بودجەدا زۆرە، لەبارەی ئەو ژمارانەوە بە رووداوی راگەیاند، "لە زۆر شوێن تێبینی ورد هەن لەسەر ئەو بڕە پارانەی تەرخانکراون، زۆر بابەت هەن پارەیان بۆ تەرخانکراوە دواتر جێبەجێ ناکرێت و دەدزرێت، بەدڵنیاییەوە ئێمە باش دەزانین هەموو ئەو پارانەی تەرخانکراون لە ماوەی ئەو شەش مانگانەی ئەمساڵ خەرجناکرێن."
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندکردنی ئەو بەشەی ماوە لە رەشنووسی بودجەی عێراق کە لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستی بە پەسندکردنی کردووە، بەردەوام ببێت، رەشنووسەکە لە 67 مادە پێکدێت، تاوەکو ئێستا 41 مادەی پەسندکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ