رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، فراکسیۆنە کوردستانییەکان "رژدن" لەسەر گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە و هەوڵەکانیان بۆ جێگیرکردنی ئەو بڕگەیە لەنێو رەشنووسەکە چڕکردووەتەوە. دەشڵێت، "پەرلەمان بڕیار دەدات کێ پاشەکەوتی مووچە بداتەوە." ئەندامێکی دیکەی لیژنەکەش دەڵێت، "لایەنە شیعییەکان نایانەوێت حکومەتی عێراق پاشەکەوتی مووچە بداتەوە."
رۆژی یەکشەممە 11-6-2023، نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو دەقەی لایەنە کوردستانییەکان واژۆیان لەسەر کردووە ئەوەیە حکومەتی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێژەی 12٪ـی پاشەکەوتی مووچە بدەنەوە، بەڵام هێشتا دیارنییە کامیان دەیدەنەوە، ئایا حکومەتی عێراق دەبێت یان هەرێمی کوردستان یان بە هاوبەشی دەبێت، چونکە ئەوە پەرلەمان بڕیاری لەبارەوە دەدات."
بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی 13ـی رەشنووسی بودجە، وەک نەرمین مەعرووف دەڵێت: دەبێت حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان حساباتی نێوانیان لەساڵی 2014ەوە تاوەکو 2022 پاکتاوبکەن، ئیدی رەنگە لەوێدا دەربکەوێت کامیان پارەیان دەکەوێتە لای ئەوی دیکە و دەبێت کامیان پاشەکەوتەکە بداتەوە.
مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراق پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە؛ پەرلەمان مادەی 13ـی پەسندکرد کە ناکۆکیی یەکێتی و پارتی لەسەربوو، دواتر مادەی 14شی پەسەندکرد، بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان داوایانکردووە بڕگەیەک بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچە زیادبکرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکرد، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێیڕاگەیاندووە کە "بەدڵنیاییەوە بڕگەی گێڕانەوەی پاشکەوت دەخرێتە نێو رەشنووسی بودجە کە بڕیارە ئەمشەو بۆ رۆژی چوارەم لەسەریەک پەرلەمانی عێراق لەسەری کۆببێتەوە و تاوەکو ئێستا 41 مادەی لێ پەسندکراوە."
دوێنێ شەممە، چوار لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە "پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ" بوون واژۆیان لەسەر زیادکردنی بڕگەیەک بۆ گێڕانەوەی رێژەی 12٪ـی پاشەکەوتی مووچە کرد، بەڵام هێشتا دەقی ئەو بڕگەیە تەواو روونی ناکاتەوە حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستان پاشەکەوتی مووچە دەداتەوە.
لە دەقی پێشنیازەکەدا هاتووە، "حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەرخانکردنی بڕە پارەی پێویست بۆ گێڕانەوەی 12٪ـی پاشەکەوتی مووچە لە کۆی گشتی مووچە کە لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوو بڕدراوە."
ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەگەر ساڵانە بۆ دانەوەی رێژەی 12٪ـی پاشەکەوتی مووچە پێویستمان بە تریلیۆنێک و 200 ملیار دینار بێت، پەرلەمانتارانی شیعە دەیانەوێت ئەو بڕە پارەیە نەخرێتە سەر بودجەی عێراق لەکاتێکدا حکومەتی عێراق هۆکاری سەرەکی بڕینی بودجە و مووچەی مووچەخۆران و پشتبەستنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بە پاشکەوتی مووچە."
ئیخڵاس دلێمی روونیشیکردەوە، "ئەگەر دواجار دەقەکە ئاوای لێکرا کە حکومەتی عێراق زۆری ئەو پارەیە بدات و هەرێمی کوردستانیش بەشێکی بەربکەوێت رەنگە باشتر بێت، بەڵام هێشتا دیارنییە دەقەکە چۆن دەبێت و کامیان پەسند دەکرێت، بەڵام نابێت وا لێکبدرێتەوە کە زیادکردنی ئەو بڕگەیە لەلایەن لایەنە شیعەکانەوە بۆ ئەوەیە حکومەتی عێراق ئەو پارەیە بدات."
لەساڵی 2014 حکومەتی عێراق بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، دوای ئەوە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شەڕی داعش بووەوە کە خەرجییە سەربازییەکانی زۆر هەڵکشاند، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەنای بۆ پاشکەوتکردنی مووچە و لێبڕینی مووچە برد کە بەپێی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بڕەکەی لەنێوان 15 بۆ 18 تریلیۆن دینار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ