رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی رەتکردەوە کە تێیدا جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 333ی ساڵی 2015ی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەبارەی مووچە و دەرماڵەی پلە تایبتەکان راگرتبوو.
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، 11-06-2024 دا، بڕیاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە نادروست دانا، کاتێک بە نووسراوی ژمارە272 لە 17-03-2019 کارکردنی بە بڕیاری ژمارە 333ی 2015ی ئەنجوومەنی وەزیرانی راگرت.
سکاڵاکە لەلایەن باسم خەشان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق تۆمارکرابوو. داواشی کردبوو سکاڵالێکراو قەرەبووی بکاتەوە؛ بەڵام دادگە ئەو داوایەی رەتکردەوە.
بڕیاری ژمارە 333 ساڵی 2015ی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە سەردەمی حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی دەرکرا، بریتییە لە راگرتنی مووچەی خانەنشینی کە بەگوێرەی یاسا و بڕیارەکانی رابردوو خەرجکراون، بۆ ئەوانەی لە دوای 09-04-2003 پۆستە و بەرپرسیاریەتی باڵایان وەرگرتووە. جارێکی دیکە مووچەی خانەنشینیان هەژمارە بکرێتەوە بۆ ئەوانەی خزمەتی خانەنشینیان لە 15 ساڵ و تەمەنیان لە 50 ساڵ کەمتر نییە.ئەوەش بەگوێرەی مادەی 21ی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014.
بڕیارەکە مووچە و دەرماڵەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە، وەزیران، بریکار، بەڕێوەبەرانی گشتیی و پلەتایبەتەکانی کەمکردەوە.
عادل عەبدولمەهدی لەوکاتەی سەرۆکوەزیران بوو، لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە بە بڕیاری ژمارە 333 ساڵی 2015ی ئەنجوومەنی وەزیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ