رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی بەغدا ژنێکیان ئازاد کرد، کە بۆ ناچارکردنی بە واژۆکردنی چەند بەڵگەنامەیەکی تایبەت بە میراتیی هاوژینە کۆچکردووەکەی، لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندرابوو.
ژنەکە لەلایەن هێزێکی هاوبەشی پۆلیسی فریاکەوتنی رەسافە و پۆلیسی بەغدا لە ناوچەی نوعەیرییە ئازاد کرا، دوای ئەوەی لە رێگەی هێڵی گەرمی بەهاناوەچوونەوە زانیارییان لەبارەی رفاندنی ژنەکەوە پێگەیشت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیسی بەغدا، ژنەکە لەلایەن کەسوکاری هاوژینە کۆچکردووەکەیەوە رفێندرابوو، لەنێو خانوویەکدا دەستبەسەر کرابوو و لەوێ رووبەڕووی تووندوتیژیی جەستەیی و زارەکی ببووەوە.
پۆلیسی بەغدا لەبارەی هۆکاری رفاندنی ژنەکەوە دەڵێت، "هەوڵ دراوە ناچار بکرێت واژۆ لەسەر چەند بەڵگەنامەیەک بکات، کە پەیوەستن بە موڵک و ماڵی هاوژینە کۆچکردووەکەیەوە."
دوای ئازادکردنی ژنەکە، تۆمەتباران رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ