رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیارە بانگهێشتى هەردوو وەزیرى دارایی و ناوخۆ بکرێت بەمەبەستى پرساندنیان. ئەندامێکى پەرلەمان دەڵێت، "هەفتەى داهاتوو لێپرسینەوە لە وەزیرى پەروەردە دەکرێت."
پەرلەمانى عێراق خشتەى کارى کۆبوونەوەکانى بۆ 12ـی ئاب بڵاوکردەوە کە تێیدا میواندارى تەیف سامى، وەزیرى دارایی و عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆ دەکرێت.
شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئامادەبوونى ئەو دوو وەزیرە بە مەبەستى ئاراستەکردنى چەند پرسیارێکى زارەکییە، نەک لێپرسینەوە لەگەڵیان.
بانگهێشتکردنى ئەو دوو وەزیرە لەسەر داواکاریی چەند پەرلەمانتارێک بووە کە چەند پرسیارێکى دیاریکراویان لەبارەى ئەو وەزارەتانەوە داوەتە سەرۆکایەتیى پەرلەمان.
شێروان دووبەردانى گوتى: "بڕیارە لە هەفتەى داهاتوودا لێپرسینەوە لە ئیبراهیم جبوورى، وەزیرى پەروەردە بکرێت، بەڵام رۆژەکەى دیارینەکراوە."
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکە، جگە لە میوانداریکردنى ئەو دوو وەزیرە، دەنگ بە یاسای بە کرێدانى زەوى کشتکوکاڵى دەدرێت و خوێندنەوەى دووەمیش بۆ سێ پڕۆژەیاسا دەکرێت، کە بریتین لە پڕۆژەیاساکانى رێککەوتنى هەڵگرتنى ڤیزەى پاسپۆرتى دیبلۆماسی لەنێوان عێراق لەگەڵ رووسیا و قوبروس، هەروەها هەموارى یاسای موڵکدارى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ