عێراق دەکوڵێت؛ پلەی گەرما لە 10 پارێزگا دەگاتە 50

11-08-2023
هێمن بابان رەحیم
خەڵکی بەهۆی گەرماوە لە رووباری شەتول عەرەب لە بەسرە مەلە دەکەن. وێنە: AFP
خەڵکی بەهۆی گەرماوە لە رووباری شەتول عەرەب لە بەسرە مەلە دەکەن. وێنە: AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە 10 پارێزگای عێراق 50 پلەی سیلیزی و زیاتر تێدەپەڕێنێت، گوتەبێژی دەستەکە دەڵێت عێراق کەوتووەتە نێو بازنەی گەرمترین رۆژەکانی وەرزی هاوینەوە و شەپۆلەکەش بەردەوام دەبێت، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش پێشبینیدەکات پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان 44 بۆ 48 پلەی سیلیزی بێت.
 
بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ هەینی، پلەکانی گەرما لە زیاتر لە نیوەی پارێزگاکانی عێراق 50 پلە و زیاتر تێدەپەڕێنێت و بەوەش ئەمرۆ لە رۆژە زۆر گەرمەکان دەبێت وەکو دەستەکە رایگەیاندووە.
 
رۆژی هەینی، 11-8-2023 عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق چەند رۆژێکە چووەتە نێو گەرمترین رۆژەکانی وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە و ئەو گەرمایە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما تاوەکو کۆتایی ئەم مانگەش بەردەوام دەبێت."
 
سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلی گەرمایە، عامر جابری گوتی: "چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە کەشوهەوا گۆڕانی بەسەردا بێت و پلەی گەرما روو لە دابەزین بکات."
 
بەپێی دەستەی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق پلەکانی گەرمای ئەمڕۆی عێراق لە چوار پارێزگا، کە بریتین لە بەغدا، موسەننا، زیقار و دیوانییە دەگاتە 51 پلەی سیلیزی.
 
هەروەها پلەی گەرما لە پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەدین، واست، کەربەلا، میسان و نەجەف دەگاتە 50 پلەی سیلیزی.
 
هەرچی پارێزگاکانی دیکەیە لەوانەش بابل، ئەنبار، دیالە و بەسرە پلەی گەرمایان دەگاتە 49 پلەی سیلیزی، کەمترین پلەی گەرماش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک دەبێت، کە 44 پلە دەبێت.
 
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگیێندراوێکدا لەبارەی کەشوهەوای ئەمرۆ هەینی، 11-8-2023ـی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاندووە" ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەل بوونی پەڵە هەوری جیاجیا، ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک هەیە لەکاتەکانی ئێوارە."
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی ناوچەکان بۆ ئەمڕۆ هەینی:
- هەولێر: 48 پلە
- سلێمانی: 45 پلە
- دهۆک: 44 پلە
- کەرکوک: 48 پلە
- هەڵەبجە: 45 پلە
- زاخۆ: 46 پلە
- حاجی ئۆمەران: 32 پلە
- گەرمیان: 49 پلە
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە