رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی هاوژینی سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە شاری بەغدا کۆچی دواییکرد و بڕیارە سبەی تەرمەکەی بهێنرێتەوە بۆ هەولێر و لە قەزای کۆیە بنێژرێت.
ئەمڕۆ هەینی، 11-8-2023، رووناک عەبدولواحید، هاوژینی د. فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە شاری بەغدا و لە تەمەنی 81 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. بڕیارە سبەی شەممە تەرمەکەی بهێنرێتەوە بۆ پارێزگای هەولێر و لە قەزای کۆیە بەخاک بسپێردرێت.
رووناک عەبدولواحید، لەساڵی 1942 لە شاری دیوانییەی باشووری عێراق لەدایکبووە، پەیمانگەی مامۆستایانی لە دیوانییە تەواوکردووە.
باوکی یەکێک بووە لە ئەفسەرانی سەردەمی پادشایەتی و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و رۆشنبیر لەدایکبووە.
ساڵی 1968 لەگەڵ فوئاد مەعسووم ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، ئەو کات د. فوئاد نوێنەری مەلا مستەفا بارزانی بوو لە قاهیرەی پایتەختی میسر.
رووناک عەبدولواحید دایکی پێنج کچە بەناوەکانی شیرین، جوان، زۆزان، ڤیان و شیلان، هەروەها کوڕێکیشی هەبووە، کە لە تەمەنی 15 ساڵیدا کۆچی دواییکردووە.
لەساڵی 2014 تاوەکو 2018، ئەو کاتەی د. فوئاد مەعسووم سەرۆککۆماری عێراق بوو، ناسناوی خانمی یەکەمی عێراقی وەرگرت.
لەساڵی 2015 تاوەکو ساڵی 2017 سەرۆکی رێکخراوی ژنانی عەرەب بووە.
بافڵ تالەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی د. فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق کرد و گوتی: "بۆ کۆچی دوایی خاتوو (رووناک عەبدولواحید)ـی هاوسەرتان و خانمی یەکەمی پێشووتری عیراق، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین و بەشداری خەم و ماتەمی ئێوەو کەسوکارو خانەوادە سەربەرزو تێکۆشەرەکەتانین کە لە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان جێ دەست و رۆڵتان دیارو بەرچاوبووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ