دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەک دژی نرخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات

11-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە تایبەتە بە نرخی ئەو کارەبایەی لە پڕۆژەی رووناکی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، پێشکێشی کراوە.
 
بڕیارە 17ی ئابی 2025 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق یەکەم دانیشتنی تایبەت بە تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایە بکات کە داواکراوە خشتەی نرخی کارەبا کە لە بڕیاری ژمارە 280ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 15ی ئایاری 2025 دیاریکراوە، بە نادەستووری بناسێنێ. بەگوێرەی ئەو بڕیارە، کارەبای 24 کاژێری بۆ هاونیشتمانییان لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا دابین دەکرێ و گۆڕانکاری لە نرخەکەی کراوە.
 
سکاڵاکە لەلایەن عومەر گوڵپی، بەربژێری سەرکەوتووی پەرلەمانی کوردستان لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان تۆمار کراوە.
 
عومەر گوڵپی بە رووداوی گوت، "وەک هاووڵاتییەک سکاڵاکەم تۆمارکردووە، نەوەک وەک پەرلەمانتار."
 
بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی، نرخی بەکارهێنانی کارەبا بەگوێرەی زیادبوونی بڕی بەکارهێنانی دەگۆڕێ کە لەنێوان 72 بۆ 350 دینارە بۆ هەر کیلۆ واتێک.
 
بە گوتەی عومەر گوڵپی، نرخی نوێی کارەبا قورسایی دەخاتە سەر هاونیشتمانییان، بەراورد بەو نرخەی بەپێی رێنماییەکی ساڵی 2021 کاری پێدەکرا. گوتیشی، "سکاڵاکە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ئەو نرخانە پێچەوانەی بڕگەی یەکەمی مادەی 28ـی دەستووری عێراقن."
 
بەگوێرەی ئەو بڕگەیەی مادەی 28ـی دەستوور، پێویستە باج و رسوومات بەگوێرەی یاسا دابنرێ یان لاببرێت.
 
پێشتر لە 28ی حوزەیرانی 2025 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی هاوشێوەی رەتکردبووەوە، کە لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشکێش کرابوو دژی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پڕۆژەی رووناکی. پاساوی دادگە بۆ رەتکردنەوەی ئەو سکاڵایە ئەوەبوو کە لە تایبەتمەندیی دادگەکەدا نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە