گومرگەکانی عێراق: ئەم ساڵ داهاتمان گەیشتووەتە 1.7 تریلیۆن دینار

11-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی هاوبەش بۆ بەستنەوەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستمی ئەسیکۆدا پێکهێنراوە. راشیگەیاند، ئەم ساڵ داهاتیان گەیشتووەتە تریلیۆنێک و 700 ملیار دینار.
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-09-2025، سامر قاسم داود، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی گوت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، داهاتی گومرگەکان تریلیۆنێک و 700 ملیار دینار بووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ بگاتە سێ تریلیۆن دینار.
 
پار داهاتی گومرگەکانی عێراق گەیشتە دوو تریلیۆن و 700 ملیار دینار.
 
سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ ئەوەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستمی ئەسیکۆدا ببەسترێتەوە، ئەوەش دوای تەواوکردنی رێکارەکانی چاودێریکردن بەگوێرەی رێنوێنییەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
 
سامر قاسم داود رایگەیاند، دەستەکەیان بەردەوامە لە کارەکانی بۆ تەواوکردنی قۆناخی دووەمی ئەو سیستمەی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەستیانپێکردووە. گوتیشی، سیستمەکە ئاسانکاری بۆ رێکارە گومرگییەکان و جووڵەی بازرگانی دەکات و داهات زیاد دەکات، هاوکات رێکارەکانی چاودێریش تووندتر دەکات.
 
بەگوێرەی نووسراوێکى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق، کە دەست رووداو کەوتووە، 1ی ئەیلوول دوا وادە بوو بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان زانیارییەکانیان لەنێو سیستمی ئەسیکۆدا نوێ بکەنەوە، ئەگەرنا لە کارکردن رادەگیرێن.
 
دووشەممە 8ى ئەیلوولى 2025 سامى جەلال، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ پێناسە گومرگییەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رێککەوتوون لەسەر ئەوەى وادەکە بۆ 1ى تشرینی دووەمى ئەم ساڵ دوابخرێت.
 
ئامانج لەو هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق، وردبینیکردنە لە ناسنامەی باج و هاوردەکردنى کۆمپانیاکان، بۆئەوەی کۆمپانیاکان ناچار بکرێن ئەو باجانەی لەسەریانە پاکتاوی بکەن.
 
حامید هەرکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی،  رۆژی دووشەممە بە رووداوی راگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی لە سیستمی ئەسیکۆدا تۆمار کراون، ئەگەر زانیارییەکانیان نوێ نەکەنەوە، ئیدی ناتوانن راستەوخۆ بە نرخی فەرمی کاڵا هاوردە بکەن، دەبێت ئەو کارە لە رێگەی کۆمپانیای دیکەوە بکەن، کە تێچووی لەسەریان زیاتر دەبێت.
 
حامید هەرکی گوتی، "ئەو هەنگاوە کێشە بۆ هاوردەی کۆمپانیاکان لە دەروازەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی دروست دەکات، چونکە سیستمی ئەسیکۆدا بۆ دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کاری پێناکرێت."
 
رێکارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق لەدوای فەرمانەکانی محەممەد شیاع سوودانییە، بۆئەوەی داهاتی نانەوتی لە عێراق زیاد بکرێت.
 
2ی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی لەگەڵ لایەن پەیوەندیدارەکانی بەغدا راگەیاند لەبارەی بەکارهێنانی ژمارەی بازرگانی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە سیستمى ئەسیکۆدا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە