رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، رۆژی پێنجشەممەی داهاتووی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێی پارێزگاکە دیاریکرد؛ تاوەکو ئێستا 6 کەس داواکارییان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێشکێش کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 12ی شوباتی2026، عادل سومێدەعی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، لە نووسراوێکی فەرمی دا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رۆژی 19ی شوباتی وەکو کاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ دیاریکرد. هەروەها رۆژی 17ی ئەم مانگەی وەکو دوایین کات بۆ وەرگرتنی داواکاریی ئەو کەسانە دیاریکرد کە دەیانەوێت خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکەن.
پارێزگاری نوێ بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین هەڵدەبژێردرێت، کە لە 15 ئەندام پێکهاتووە و دوویان کوردن.
یاسین محەممەد عەلی دادی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەوڵێک هەبوو ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار بکرێت، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەن رێگری کرد و بۆ 19ی مانگ دواخست."
سەبارەت بە بەربژێرەکان، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 6 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە و گوتی: "دیارترین بەربژێرەکان بریتین لە ئەمجەد تلمس لە هاوپەیمانیی عەزم، هەروەها هەیسەم زەهوان لە پارتی تەقەدووم و ئەبو مازن، سەرۆکی پارتی جەماوەریی نیشتمانییەوە پشتیوانی دەکرێت."
پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین دوای ئەوە چۆڵ بوو کە بەدر مەحموود فەحل، پارێزگاری پێشووی پارێزگاکە وەکو ئەندامی پەرلەمان سوێندی دەستووری خوارد. ئێستا پۆستەکە بە وەکالەت لەلایەن جێگری پارێزگارەوە بەڕێوەدەبرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ