رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق گیانلەدەستدانی 'جوجو' لەنێو زیندانێکی شاری بەغدا بۆ رووداو پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت، ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای هەبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئایاری 2024 عەبدوڵڵا عەبدولئەمیر عەبدوڵڵا، کە رەگەزی خۆی بۆ مێ گۆڕیوە و بە "جوجو" ناسراوە، لەنێو چاکسازییەکی شاری بەغدا گیانی لەدەستدا.
'جوجو' لە بنەچە عێراقی بوو، وڵاتینامەی ئەمریکیی هەیە. تۆمەتی سەرپەرشتیکردنی تۆڕێکی هەراسانکردن و لەشفرۆشیی لەنێو عێراق درابووە پاڵ، کە دەگوترێت بەرپرسانی حکومی، سیاسی، ئەمنی، میدیاکار، کەسایەتییە دیار و بەنێوبانگەکانی هەراسان کردووە. دۆسیەی چەندین بەرپرس و کەسایەتیی لابووە.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە رووداوی گوت، "جوجو، ماوەیەک بوو دۆخی تەندروستی و دەروونیی تێکچووبوو، ئەمڕۆ دانیشتنی دادگەی هەبووە، بڕیار بووە ببرێتە دادگا لەسەر کەیسێکی دیکە دادگایی بکرێت؛ بەڵام لەکاتی ئامادەکارییەکان بۆئەوەی ببرێتە دادگا، لە یەکێک لە چاکسازییەکانی بەغدا لەپڕ کەوتووە و گیانی لەدەستداوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، سەرەتا دەستبەجێ براوەتە بنکەیەکی تەندروستی لە بەشی چاکسازی، دوای دڵنیابوون لە مردنەکەی، تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکی کراوە بۆئەوەی هۆکاری مردنەکەی بزانرێت.
میدیاکان سەبارەت بە هۆکاری مردنەکەی باسی هۆکاری جیاواز دەکەن، لەوانە جەڵتەی دڵ، خنکاندن و کوشتن. گوتەبێژی وەزارەتی داد گوتی، "دەبێت لایەنی پزیشکی دیاریی بکات، هۆکاری مردنەکەی چی بووە."
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی داد، خالید شوانی وەزیری داد بڕیاری داوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە پێکبهێندرێت.
'جوجو' لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بە "فێڵ" هێندرایەوە عێراق، لە ئایاری 2022 لە هۆتێل مەنسوور میلیا لە شاری بەغدا دەستگیر کرا.
دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لە کۆتایی 2022 بە تۆمەتی لەشفرۆشی و هەراسانکردنەوە لەسەر سێ کەیس، سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ "جوجو" دەرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ