رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئەلعروش بۆ ئۆتۆمبێل رایگەیاند، بووەتە دابەشکاری فەرمی و تایبەتی کۆمپانیای مازدای ژاپۆنی لە سەرانسەری عێراق، ئەمەش دوای واژۆکردنی گرێبەستێکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای مازدا.
رێککەوتنەکە رۆژی 22ـی نیسانی 2025 لە بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای مازدا لە شاری هێرۆشیمای ژاپۆن، بە ئامادەبوونی د. سەباح عەبدوللەتیف سالم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەلعروش بۆ ئۆتۆمبێل و مانابو ئۆسوگا، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی فرۆشتن و بەبازاڕکردنی جیهانی لە کۆمپانیای مازدا، واژۆ کرا.
بەپێی ئەم هاوبەشییە نوێیە، کۆمپانیای ئەلعروش وەک تاکە بریکاری فەرمی مازدا لە عێراق کاردەکات و مۆدێلە نوێیەکانی مازدا کە لە ژاپۆن بەرهەم هاتوون، دەهێنێتە بازاڕەکانی عێراق. کۆمپانیاکە رایگەیاندووە کە ئەم ئۆتۆمبێلانە بە "وردەکاریی ئەندازیاری، توانای بەرز و دیزاینی سەرنجڕاکێش" تایبەتمەندن و بە شێوەیەک دروستکراون کە لەگەڵ کەشوهەوا و رێگەوبانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراقدا بگونجێن.
لە قۆناخی یەکەمدا، بڕیارە دوو ناوەندی سەرەکیی فرۆشتن و خزمەتگوزاریی مازدا لە شارەکانی بەغدا و سلێمانی بکرێنەوە. ئەم ناوەندانە خزمەتگوزارییەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی نوێ، خزمەتگوزارییەکانی دوای فرۆشتن و دابینکردنی پارچەی یەدەگی رەسەن پێشکێش دەکەن.
کۆمپانیای ئەلعروش پلانی هەیە لە قۆناخی دووەمدا، ناوەندی هاوشێوە لە شارەکانی هەولێر و بەسرەش بکاتەوە، وەک بەشێک لە ستراتیژیی فراوانبوونی بۆ گەیاندنی براندی مازدا بە سەرانسەری عێراق.
جگە لە هێنانی ئۆتۆمبێلی نوێ، ئەلعروش پابەندبوونی خۆشی راگەیاندووە، بە خزمەتکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی مازدا کە پێشتر لە عێراق بوونیان هەبووە، ئەمەش لەرێگەی دابینکردنی پارچەی یەدەگی رەسەن و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی چاککردنەوەی پسپۆڕانە.
کۆمپانیای ئەلعروش ئەم هەنگاوە تەنیا وەک رێککەوتنێکی بازرگانی نابینێت، بەڵکو بە "پابەندبوونێکی درێژخایەن بۆ پێشکێشکردنی نایابی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی و باشترکردنی ئەزموونی شۆفێری" لە عێراقدا وەسفی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ