عێراق و میسر ژمارەیەک رێککەوتن واژۆ دەکەن

12-06-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە قاهیری پایتەختی میسر و سبەی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و میسر بەڕێودەچێت.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە قاهیری پایتەختی میسر. لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قاهیرە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمی لەلایەن مستەفا مەدبوولی، سەرۆکوەزیرانی میسر پێشوازی لێکرا.
 
لەو سەردانەدا سوودانی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆدەبێتەوە، ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە، هەروەک چاوی دەکەوێت بە ئەحمەد ئەبو غێت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی و ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر، لەگەڵ رەوەندی عێراقیش لەو وڵاتە کۆبوونەوەیەکی فراوانی دەبێت.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، سبەی سێشەممە، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و میسر بەڕێودەچێت کە تێیدا ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکرێن لە بوارەکانی دارایی، بازرگانی، گەشتوگوزار، پەرەپێدانی کارگێڕی و راهێنانی دیپلۆماسی، رێککەوتن دەکرێت لەبارەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە بوارە جیاجیاکاندا.
 
لە دوو ساڵی رابردوودا قەبارەی ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی نێوان عێراق و میسر بە رێژەی لە 14.1٪ بەرزبووەتەوە بە جۆرێك کە لە سێ مانگی سەرەتایی ساڵی 2021 نزیکەی 129.1 ملیۆن دۆلار بووە و لە هەمان ماوەی ساڵی 2022 بۆ زیاتر لە 147.3 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
سوودانی پێشتریش لە رۆژی 5-3-2023، سەردانی قاهیرەی پایتەختی میسری کرد و لەلایەن مستەفا مەدبوولی، هاوتا میسرییەکەی پێشوازی لێكرا. هەریەک لە د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و ئەسیر داوود، وەزیری بازرگانیی عێراق یاوەری سوودانییان کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە