رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 123 تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کراون، کە 19یان گیانیان لەدەستداوە. وەزارەتەکە داوا دەکات رێگری لە لەوەڕ و سەربڕینی هەڕەمەکیی ئاژەڵان بکرێت.
سەیف بەدر، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025 راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە سەرەتای ئەم ساڵی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا 123 پشتڕاستکراوەی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون، کە 19یان گیانیان لەدەستداوە."
ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان:
زیقار: 36 تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان.
واست: 15 تووشبوون و دوو گیانلەدەستدان.
بەغدا- رەسافە: 14 تووشبوون و 5 گیانلەدەستدان.
بەغدا- کەرخ: 4 تووشبوون.
موسەننا: 8 تووشبوون و دوو گیانلەدەستدان.
میسان: 8 تووشبوون.
بەسرە: 8 تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان.
نەینەوا: 7 تووشبوون.
کەرکووک: 5 تووشبوون و 4 گیانلەدەستدان.
دیالە: 5 تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان.
دیوانیە: سێ تووشبوون.
دهۆک: سێ تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان.
بابل: دوو تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان.
گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، ئەنبار، کەربەلا و نەجەف هەر یەکەیان یەک تووشبوونیان تێدا تۆمار کراوە، لەگەڵ تۆمارکردنی یەک گیانلەدەستدان لە نەجەف.
دوێنێش لە پارێزگای سەلاحەدین یەکەم تووشبوو تۆمارکرا، بەڵام لە ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بۆ نەکراوە، کە پیاوێکى 41 ساڵە.
بە گوێرەى نووسراوى نەخۆشخانەى ڤێتێرنەری پارێزگاى سەلاحەدین کە دوێنێ چوارشەممە 11ـی حوزەیرانى 2025 ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتى کشتوکاڵى عێراقی کردووە، ئەو کەسە تووشی تاى خوێنبەربوون بووە.
یاسین داودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەمە یەکەم توشبووى تاى خوێنبەربوونە کە ئەم ساڵ لە سەلاحەدین تۆمار بکرێ. ئەو کەسە عەرەبە و خەڵکى قەزاى سامەرایە".
ڤێتێرنەری سەلاحەدین ئاماژەى بەوەداوە کە ئەو کەسە ناوى کەهلان فەتاح هیلالە، تەمەنى 41 ساڵە، 9ـی حوزەیران پشکنینى بۆ کراوە و دوو رۆژ دواتر ئەنجامەکەى دەرکەوتووە.
لە نووسراوەکەدا پێشنیازى ئەوە کراوە لەو ناوچەیەی تووشبووەکەى لێ بووە، هەڵمەتێکى دەرمانپرژێنکردن بۆ ئاژەڵ و گەوڕەکان بکرێت.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ دەگوازرێتەوە و مرۆڤ لە ئاژەڵەوە دەیگرێت.
بە گوتەی سەیف بەدر، زۆربەی تووشبووان لەنێو ئاژەڵداران، بازرگانانی ئاژەڵ و قەسابەکاندا تۆمار دەکرێن.
وەزارەت داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی ئەم رێنماییە خۆپارێزییانە بن:
- پاراستنی گۆشت بە بەستوویی و لێنانی لە پلەی گەرمی بەرزدا.
- بەکارهێنانی ئامرازی تایبەت بە پارچەکردنی گۆشت و لەدەستکردنی دەستکێش.
- پابەندبوون بە رێکارەکانی پاکوخاوێنیی گشتی و پۆشینی جلوبەرگی خۆپارێزی لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵدا.
- ئاگادارکردنەوەی نزیکترین دامەزراوەی تەندروستی لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی گوماناوی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ