رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی دوایین وەرزی یاسادانانی خۆی بکات، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا فراکسیۆنەکەیان بڕیاری بایکۆتی کۆبوونەوەکەی نەداوە.
شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 12ی تەممووزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بە فەرمی بڕیار نەدراوە فراکسیۆنەکەمان بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بکات."
بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی گوتیشی، "فراکسیۆنەکەمان پێش دانیشتنەکەی پەرلەمان کۆدەبێتەوە و ئەوکات بڕیار دەدرێت بەشداری بکەین یان نا."
لە لایەکی دیکەوە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارتی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 12ی تەممووزی 2025 لە پەیجی فەیسبووکی خۆی بە تووندی رەخنە لە سیاسەتی حکومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، "لە ماوەی رابردوودا هەموو سنوورەکانیان بەزاند، دەستیان برد بۆ قوتی خەڵک و بڕیاری برسیکردن و مردنی خەڵکی کوردستانیان دا."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەو هەنگاوەی بەغدا بە "تاوان" ناودەبات و پێی وایە "لە مێژووی دروستبوونی عێراقەوە تاوەکو ئێستا یەکەمجارە" تاوانێکی لەو شێوەیە بکرێت و دەڵێت، "ئەوان مووچەیان نەبڕی بۆئەوەی جارێکی دیکە بیدەنەوە، نەوتیان نەگرتەوە بۆئەوەی جارێکی دیکە بەری بدەنەوە."
سەبارەت بە دواکەوتنی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە بە ئەنقەستە و "لەهەمووی خراپتر کات کوشتن و درێژەدان بەم سیاسەتە لەژێر بیانووی جۆراوجۆر؛ جارێک دادگای فیدراڵی و جارێک دروستکردنی لیژنە، ئامانجیان ئەوە بوو خەڵک زیاتر برسی بکەن."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هیوا و دڵنیایی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دەڵێت، "دڵنیام حکومەتی خۆمان خەمێک لەو بابەتە دەخوات و ناهێڵێت لەوە زیاتر خەڵکی ئێمە برسی بکرێت"؛ جەخت لەوەش دەکاتەوە کە "خەڵکی کوردستان لە ئێمە دەخوازن چی دیکە بڕوا بە بەڵێن و قسە لووسەکانیان نەکەین و هەڵوێستێک رابگەیەنین لە بەرامبەر ئەو تاوانەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان و هەرێمەکەمان ئەنجامی دەدەن."
شاخەوان عەبدوڵڵا لە کۆتایی پەیامەکەیدا گرتنەبەری هەڵوێستێکی تووند بە "هەنگاوە دروستەکە" دادەنێت.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی ژمارە (1)ی دوایین وەرزی یاسادانانی ئەو خولەی خۆی بڵاوکردەوە، کە کاژێر 01:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە دەستپێدەکات و ئەم بڕگانە لەخۆدەگرێت:
• یەکەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای سەندیکای پرۆگرامسازانی عێراقی.
• دووەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای تەندروستیی دەروونی.
• سێیەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پاراستن لە زیانەکانی تووتن.
• چوارەم: خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژەیاسای یەکێتیی نەخۆشخانە تایبەتەکان لە عێراق.
• پێنجەم: خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یەکەمی یاسای دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێریی ناوەکی، تیشکەوەر، کیمیایی و بایۆلۆجی.
• شەشەم: خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانلێکەوتووانەی کە بەهۆی کردەوەکانی دەسەڵاتی بەعسەوە بەشێک لە جەستەیان لەدەستداوە.
• حەوتەم: خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای چوونەپاڵی عێراق بۆ رێککەوتننامەی پاراستنی فیزیایی ماددەی ئەتۆم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ