دادگەی فیدراڵی سێ سکاڵا لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کوردستان تاوتوێ دەکات

12-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سێ سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەیان دەکات.
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 12-9-2023، دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی پێنج  سکاڵا کۆببێتەوە کە سێیان پەیوەندییان بە دوو دۆسییەوە لە هەرێمی کوردستانەوە هەیە کە لە رۆژی یەکشەممە، 3-9-2023ـەوە دواخراوە.
 
یەکێک لەو سکاڵایانەی ئەمڕۆ دادگەکە تاوتوێی دەکات، لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە ژمارە 124/فیدراڵی/2023 تۆمارکراوە. سکاڵاکاران داوا دەکەن دادگەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مادەی دووی یاسای ژمارە 2ـی هەموواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارە سێی ساڵی 2009 بدات و ئەنجوومەنەکان هەڵبوەشێنێتەوە.
 
سکاڵایەکی دیکە کە ئەمڕۆ دادگەکە تاوتوێی دەکات، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی(خولی پێنجەم)ـی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە ژمارە 83ـی فیدراڵی /2023ـی تۆمارکراوە.
 
لە سکاڵاکەدا هەردوو سکاڵاکار لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (خولی پێنجەم)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سکاڵایان تۆمارکردووە، داوا دەکەن دادگەکە بڕیار بە نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەربکات و داواکە لە رۆژی 3ـی ئەیلوولەوە دواخراوە.
 
یەکێکی دیکە لەو سکاڵایانەی دادگەی فیدراڵی تاوتوێی دەکات، لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، سکاڵاکە ژمارە 185ـی/فیدراڵی/2023ـی هەیە و لە رۆژی سێی ئەیلوول بۆ ئەمڕۆ دواخراوە. سکاڵاکە لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (خولی پێنجەم) کراوە و تێیدا سکاڵاکار داوا دەکات یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی هەموارکراو بە نادەستووری بزانێت "بەهۆی ئەو کێشانەی تێیدا هەیە لەرووی دەستوورییەوە، جگە لە کێشە بابەتییەکانی".
 
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەنادەستووری دانا و رایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی دەیگوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتیکردەوە و ناکۆکیی لەنێوان هەردوولادا دروستکرد.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بووک و زاوایەک.

هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق کەمیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە تشرینی دووەمی 2025دا هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی پێشتر کەمیکردووە. مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار گرێبەستی هاوژینی و 5 هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.