کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی دوو وەزیری کورد دەستیپێکرد

12-09-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی دوو وەزیری کوردی حکومەتی عێراق و سەرچاوەکانی ئاو دەستیپێکرد. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 12می ئەیلوولی 2023، دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەی پەرلەمان بەئامادەبوونی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، خالید شوانی، وەزیری داد و عۆن زیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەستیپێکردووە بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی ئاو و رێكکەوتن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتر بۆ نێو عێراق.
 
دارا سێکانیانی گوتی، سەرەتا تەنیا وەزیری دەرەوە و وەزیری سەرچاوەکانی ئاو بانگهێشت کران بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی ئاو، بەڵام دواتر وەزیری دادیش بانگهێشتکرا بۆ ئەوەی رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە رووی یاساییەوە تاوتوێ بکرێت. 
 
سێکانیانی کە ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانە گوتی، بەپێی بەرنامەی کار، کۆبوونەوەکە تەنیا ئەم بڕگە بوو، بەڵام دواتر بە دەنگدان بڕگەیەکی دیکە بۆ بەرنامەی کاری پەرلەمان زیادکرا کە پەیوەستە بە رێکخستنی کاری راوێژکارانی پەرلەمان و بڕیادرا تەنیا شەش راوێژکار لە پەرلەمان بمێننەوە.
 
بەپێی راپۆرتێکی بانکی جیهانی لەبارەی ئابووریی عێراق، تاوەکو ساڵی 2050 بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە یەک پلەی سیلیزی و کەمبوونەوەی بارانبارین بە رێژەی 10٪ دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی سازگار بە رێژەی 20٪، بەو هۆیەشەوە نزیکەی یەک لەسەر سێی زەویی بەراو لە عێراق ئاوی پێناگات.
 
مانگی رابردوو، خالید شمال، گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئاوى یەدەگى ئێستاى عێراق کەمترینە لە مێژووى وڵاتەکەدا و 50%ـى بڕى ساڵى رابردووە و گوتیشی، لە چرکەیەکدا 275 مەتر سێجا لە ئاوی دیجلە و 153 مەتر سێجا لە ئاوی فورات دەچێتە نێو عێراقەوە.  
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکانی عێراق دەڵێت، باران 30٪ـی ئاوی وڵات دابین دەکات و نزیکەی 70٪ـی سەرچاوەی ئاوی عێراقیش لەسەر رووبارەکانە کە سەرچاوەکەیان تورکیا و ئێرانن، ئەوانیش ئاویان گرتووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە