رووداو- هەولێر
یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پارەدارکردنی تیرۆر لە عێراقە بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی.
رۆژی سێشەممە، 12-9-2023، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، "خۆشحاڵم بە پێشوازیکردن لە ئێلیزابیس رۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینە بۆ بەغدا بۆ چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق".
باڵیۆزی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا دەڵێت، "پێشکەوتن" لە رووبەڕووبوونەوەی "سپیکردنەوەی پارە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی" و ئەنجامدانی "چاکسازی لە بواری بانکدا لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاڵپشتی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لە عێراق یارمەتیدەر دەبێت".
سەردانەکەی یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلار لە دابەزیندایە.
ئێلیزابێز رۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی 2013 تاوەکو ساڵی 2021 سەرۆکی بەشی ئاسایشی نیشتمانیی ئابووریی ئەمریکا بووە، رێبەری ناوەندی بەرنامە ئابوورییەکانی ئەمریکا بووە لە ئاسایشی ئەمریکای نوێ [CNAS]، ئێستا بەرپرسە لە ئاسایشی ئابووریی ئەمریکا و رووبەڕووبونەوەی شوشتنەوەی پارە و چەکی بانکیی ساختە.
ئەمڕۆ سێشەممە 12-09-2023 حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی دراو لە هەولێر، 100 دۆلار بە 155 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوە کرا و لەکاتی داخستنیش بە 156 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوە کرا، واتە گۆڕانکارییەکی زۆر رووینەدا.
بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر دۆلار جێگیر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ