رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی 9 نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەمانی عێراق، پێنجیان بە پشتیوانی پارتی دیموکراتیی کوردستان دەرچوونیان بۆ پەرلەمان مسۆگەر کرد.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، لە شەوی چوارشەممە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا، پێنج بەربژێری پێکهاتەکان بە پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتن.
بۆ پێنج کورسییەکەی کۆتای کریستیان 19 بەربژێر کێبڕکێیان دەکرد، لەوانە سێ بەربژێریان پارتی پشتگیری دەکردن و هەرسێکیان دەرچوون. ئەوانیش سامی ئۆشانە لە دهۆک، کە 22 هەزار و 56 دەنگی هێناوە. کلدۆ رەمزی ئوغنا لە هەولێر 18 هەزار و 472 دەنگ. عیماد یوخنا لە کەرکووک 17 هەزار و 602 دەنگ.
لەسەر کورسی کۆتای ئێزدی لە نەینەوا حەوت کەس کێبڕکێیان دەکرد، پارتی پشتگیری لە خالید سەیدۆ دەکرد و بەوهۆیەوە سەرکەوتنی مسۆگەر کرد و 9689 دەنگی بە دەستهێنا.
لە بازنەی واست 9 بەربژێر کێبڕکێیان لەسەر تاکە کورسیی کۆتای فەیلی دەکرد، پارتی پشتگیریی لە حەیدەر عەلی (ئەبو تارە) دەکرد و توانی بە بەدەستهێنانی 17174 دەنگ، سەرکەوتن مسۆگەر بکات.
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، یاریدەدەری بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەدەستهێنانی یەک ملیۆن دەنگ هێز و ئیرادەی نێچیرڤان بارزانی بوو. گوتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی لیستەکەی یەک ملیۆن دەنگی تێپەڕاندووە، هاوکات ئەوەشیان پێشکەشی کۆتاکان کردووە، کە پارتی هەموو کات پشتگیرییانە."
هەر یەک لە ئیڤان فایەق جەبرۆ بە بەدەستهێنانی 13128 دەنگ کورسی کۆتای کریستیانی لە بەغدا بردووە، ئەسوان کلدانی بە بەدەستهێنانی 6227 دەنگ کورسی کۆتای کریستیانی لە نەینەوا بردووە.
وەعد قەدۆ بە بەدەستهێنانی 10 هەزا و 499 دەنگ کورسی کۆتای کوردی شەبەکی لە نەینەوا برد، هەروەها بەسام زوهێری بە پێنج هەزار و 395 دەنگ کورسی کۆتای سابیئەی مەندائی لە بەغدا برد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ