رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوەی لەگەڵ سەرۆکی تۆڕی میدیایی عێراقی کرد. ئەندامێکی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن دەڵێت، لێپرسینەوەکە سیاسییە.
لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممەدا، پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوەی لەگەڵ د. نەبیل جاسم، سەرۆکی تۆڕی میدیایی عێراقی کرد. پرسیارەکان لەلایەن رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقەوە ئاراستەی کران و ئەویش وەڵامی دایەوە.
دوای تەواوبوونی پرسیار و وەڵامەکان، بابەتەکە خرایە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ پەرلەمانتاران گوتیان، متمانەیان بە وەڵامەکانی د. نەبیل جاسم نەکرد.
نوور نافع، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری، گەشتوگوزار، شوێنەوار و راگەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە 13ی شوباتی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لێپرسینەوەکەی د. نەبیل جاسم، سەرۆکی تۆڕی میدیایی عێراقی سیاسییە و لەسەر بنەمای هەڵوێستەکانی رابردووی بووە. لایەنێک چاوی لە پۆستەکەیە و دەیەوێت دووری بخەنەوە، ئەگەرنا پرسیارەکان کە لێی کران لۆژیکی نەبوون".
بە گوتەی رائید مالیکی، "د. نەبیل جاسم، سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی شایستەی ئەو پۆستە نییە، چەندین سەرپێچیی دارایی و کارگێڕی کردووە، رای گشتی لەسەر هەندێک بابەت بەلاڕێدا بردووە."
ئەندامەکەی لیژنەی رۆشنبیری، گەشتوگوزار، شوێنەوار و راگەیاندن دەڵێت، "وەک لیژنەی پەیوەندار، پێشتر هەڵوێستی خۆمان راگەیاندووە کە لەگەڵ لێپرسینەوەکە نەبووین و پرسیارەکانیش سیاسی و بێ مانابوون".
نوور نافع کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیمتیدادە دەشڵێت، بڕیارە لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەماندا بابەتی دوورخستنەوەی د. نەبیل جاسم لە پۆستەکەی بخرێتە دەنگدانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ