زیاتر لە 5000 داعش لە سووریاوە گواستراونەتەوە عێراق

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەی ئەو داعشانەی کە لە سووریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق گەیشتە زیاتر لە پێنج هەزار کەس، کە هەموویان لە نێو یەک گرتووخانەدان و خواردنیان لە ئەستۆی هاوپەیمانانە، بەرپرسی رێکخراوێکی مافی مرۆڤ هۆشداری لە گواستنەوەیان دەدات بە  "بۆمبێکی کاتی" و "قوتابخانەی تووندوتیژی" ناویان دەبات.
 
هەینی 13ـی شوباتی 2026، ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە گوێزراونەتەوە بۆ عێراق گەیشتووەتە 5064 کەس، کە 270ـیان عێراقین و سێ هەزاریان سووریایین.
 
لە دوای رووداوەکانی مانگی رابردووی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ئەو داعشانە لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)  دەست بە گواستنەوەیان کرا، کە پێشبینی دەکرێت ژمارەیان زیاتر لە حەوت هەزار کەس بێت.
 
ئەحمەد لعێبی رایگەیاند، سەرجەم ئەو داعشانە لە یەک زینداندان و بەگوێرەی یاسا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن، دابینکردنی خواردنیش بۆیان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانیی دژی داعشە.
 
لە 2ـی شوباتەوە دادگا تایبەتمەندەکانی عێراق دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چەکدارانەی داعش کردووە، بە مەبەستی دادگاییکردنیان.
 
مستەفا سەعدوون، بەڕێوەبەری روانگەی عێراق بۆ مافی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانیان ئەو چەکدارانەی داعش کە گەڕێنراونەتەوە بۆ عێراق، خەڵکی 42 وڵاتن، هۆشداریشی دا کە گرتووخانەکانی عێراق بەرگەی ئەو ژمارە زۆرەی داعشەکان ناگرن، لەکاتێکدا بەگوتەی ئەو، قەرەباڵخی لە هەندێک لە گرتووخانەکان گەیشتووەتە 300%.
 
ئەو رێکارە بۆ گواستنەوەی داعشەکان بۆ عێراق کاتییە، بەڵام ئەوانەی تۆمەتبارن بە تاوان لەدژی عێراقییەکان، لەلایەن دادگا عێراقییەکانەوە دادگایی دەکرێن.
 
بەڕێوەبەری روانگەی عێراقی بۆ مافی مرۆڤ پێیوایە گواستنەوەی ئەو داعشانە بۆ گرتووخانەکانی عێراق، "بۆمبێکی کاتییە"، بەهۆی بەرککەوتنیان لەگەڵ بەندکراوانی دیکەدا، کە بە گوتەی ئەو ژینگەیەکی راهێنانی فکری دروست دەکات و زیندانەکان دەکاتە "قوتابخانەیەک بۆ تووندوتیژی" کە لە ئەنجامدا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە