رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، گەڕانەوەی 142 ئاوارەی لە کەمپی حەسەن شامەوە بۆ زێدی خۆیان لە شاری موسڵ راگەیاند.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی چوارشەممە 13ـی ئاداری 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ سێشەممە 142 ئاوارەی کەمپی (حەسەن شام U2) لە پارێزگای هەولێر گەڕانەوە زێدی خۆیان لە ناوچەکانی ئەربجییە، زنجەلی، هەرەمات و ئینتیسار لە شاری موسڵ.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، "گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتەکەیانە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان. ئاوارە گەڕاوەکان هاوکاریی دەکرێن لە بواری دارایی، خۆراک و پێداویستیی نێوماڵ، ئەوەش وەک هاندانێک بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە هەرێمی کوردستاندا 24 کەمپ هەن کە نزیکەی 35 بۆ 37 هەزار خێزانی ئاوارە لەنێویاندا هەن و ژمارەیان نزیکەی 120 هەزار کەسە.
رۆژی 2-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا پێداویستیی ئاوارەی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان دابین بکرێت و رۆژی 30ـی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان.
بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە پێکبهێندرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، "بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و زەوینەسازیی تەواو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، مانگێکی دیکە وادەی داخستنی کەمپەکانمان درێژکردووەتەوە. دەبێت تاوەکو 30ـی تەممووزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ