ئەندامێکی لیژنەی یاسایی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی خۆیدا دەکرێت

13-03-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی خۆیدا دەکرێت، کە کانوونی دووەمی 2026ـە.
 
محەممەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمان بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کە 6ی کانوونی دووەمی 2026ـە، بەڕێوەدەچێت، ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک بەسەر ئەو وادەیەدا بێت، دۆخەکە تێکدەچێت.
 
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تائێستا گەڕانەوە بۆ بابەتی فرەبازنەیی هەڵبژاردن لە پەرلەمان باس نەکراوە، بەڵام لە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و نێو هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی قسەی لەسەر کراوە، بەڵام وەکو ئاراستەی پەرلەمان تائێستا بابەتی لەم شێوەیە لەئارادا نییە.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 13ی ئاداری 2024 لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە لیژنەی یاسایی بە هیچ شێوەیەک باسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن نەکراوە.
 
هەڵبژاردنی ساڵی 2021ی پەرلەمانی عێراق بە فرەبازنەیی بەڕێوەچوو، عێراق کرایە 83 بازنەی هەڵبژاردن، بەڵام لە 2023 یاسای هەڵبژاردن هەموار کرایەوە و جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ سیستمە کۆنەکە، کە هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە