رووداو دیجیتاڵ
پێنجشەممە وەک وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی وەزاریی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دیاریکراوە.
سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی (نازل ئاخد حەقی) و ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی دەڵێ، دەنگدانەکە تەنیا ئەو وەزارەتانە دەگرێتەوە لە چوارچێوەی رێککەوتنە سیاسییەکاندا یەکلایی کراونەتەوە.
مەشرق فەرێجی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو لێکتێگەیشتنە سیاسییانەی تاوەکو ئەمڕۆ کراون، گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ تێپەڕاندنی "نیوە کۆ یەک"ی وەزارەتەکان.
مەشرق فەرێجی ئاماژەی بەوەش کرد: "لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدان لەسەر پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران و نزیکەی 6 وەزارەت دوادەخرێ، چونکە بەهۆی رێکنکەوتنی کۆتایی لەسەر بەربژێرەکانیان، یەکلایی نەکراونەتەوە."
بە گوتەی مەشرق فەرێجی، دەنگدان بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە لە دوای پشووی یاسایی پەرلەمان دەبێ، بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێتە عەلی زەیدی تاوەکو لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانە تەواو بکات کە هێشتا ناڕازین یان ناوی بەربژێرەکانیان بە فەرمی پێشکێش نەکردووە.
دەستوور مەرجی داناوە دەبێت (نیوە کۆ یەک)ی ئەندامانی کابینەی وەزاری متمانەی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی حکومەت دەستبەکاربێت. وەزارەتەکانی نەوت، دارایی و پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، دیارترین خاڵی ناکۆکین لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ