ناکۆکی لەسەر سێ وەزارەت و "دەستوەردانی دەرەکی" نەخشەڕێی زەیدی دەخەنە مەترسییەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناکۆکیی نێوان لایەنە شیعەکان لەسەر وەزارەتە سیادییەکان، "مەرجەکانی ئەمریکا و ئێران" و پرسی هەژمارکردنی خاڵەکان بۆ پۆستەکان، لەمپەریان لەبەردەم راگەیاندنی کابینەکەی عەلی فالح زەیدی دروستکردووە. سەرۆکایەتیی پەرلەمان چاوەڕێی رێککەوتنی کۆتاییە و پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دانیشتن بۆ دەنگدان بکرێت.
 
عەقیل ردینی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناکۆکیی سەرەکی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر پۆستی وەزارەتەکانی نەوت، ناوخۆ و داراییە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر دابەشکردنی کۆی وەزارەتەکانی دیکە دەبێت، بەڵام بەم نزیکانە دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی."
 
ردینی پێی وابوو، کێشە لەنێو کورد و سوننەکانیشدا ماوە، بەتایبەت لەنێوان حەلبووسی و سامەڕائی لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی پۆستەکان.
 
لەبارەی رێککەوتنە نوێیەکانی نێوان شیعەکان، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداری لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا رایگەیاند، لایەنە شیعەکان دواجار لەسەر دابەشکارییەکە گەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، "دەوڵەتی یاسا لە وەزارەتی نەوت سازشی کردووە، لە بەرامبەر وەرگرتنی وەزارەتەکانی ناوخۆ و خوێندنی باڵا. وەزارەتەکانی نەوت و کارەبا دەدرێنە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، دارایی و وەرزش و لاوان بۆ رەوتی حیکمە، جێگرێکی سەرۆکوەزیران بۆ هاوپەیمانیی ئەساس و وەزارەتی کار بۆ عەسائیب [ئەهلی حەق] دەبێت."
 
پشکی کورد و کێشەی خاڵبەندی
 
عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکانی دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە، داد و ژینگە بۆ کورد یەکلایی بوونەتەوە. بەگوتەی دیفاعی، "خالید شوانی بۆ وەزارەتی داد و سروە عەبدولواحید بۆ وەزارەتی ژینگە" بەربژێرن.
 
بەڵام شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێ، "وەزارەتەکانی دەرەوە و ئاوەدانکردنەوە لای پارتی دیموکراتی کوردستان دەمێننەوە. ناوی بەربژێرەکانیان دواتر بە فەرمی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرا دەکرێت."
 
هاوکات سروە محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، وەزارەتەکانی داد و ژینگە بۆ یەکێتییە و رەنگە پۆستێک بدرێتە نەوەی نوێ.
 
سەبارەت بە پشکی کورد، هەریەک لە رەوتی هەڵوێست، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری کە 10 کورسییان هەیە، داوای وەزارەتێک دەکەن. هیوا مەلائادەم، پەرلەمانتارێکی رەوتی هەڵوێست بە رووداوی گوت، "د. رێبوار کەریم-مان وەک بەربژێری هاوبەش پێشکێشی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە، بەڵام هێشتا وەڵامی فەرمیمان وەرنەگرتووەتەوە."
 
دەستوەردانی ئەمریکا و ئێران و پشکی سوننەکان
 
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم، بە رووداوی راگەیاند، "مەرج و دەستوەردانەکانی ئەمریکا و ئێران گرفتیان بۆ کابینەکەی سوودانی دروستکردووە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو لایەنانەی پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانیان بردووەتەوە، نایانەوێت ئەو پۆستانە لە "خاڵ"ەکانیان کەم بکرێتەوە.
 
بەربژێرە دیارەکانی پێکهاتەی سوننە بۆ پۆستە وەزارییەکان:
 
تەقەدووم:
 
پیشەسازی: محەممەد نووری، عەبدولکەریم دلێمی، سینان جومەیلی
پەروەردە: میقداد جومەیلی، عەبدولکەریم عەبتان، غازی جبووری
جێگری سەرۆکوەزیران: محەممەد تەمیم، خالید بەتال، فەلاح زێدان
 
سەروەری (سیادە):
 
بازرگانی: ئەسیر غرێری، شەعلان کریەم، عەبدوڵڵا نوجێفی، مستەفا نزار، فەرحان ساڵح
 
حەسمی نیشتمانی:
 
بەرگری: سابت عەباسی و نایف شەمەری
 
پارتی جەماوەری:
 
رۆشنبیری: مازن جبووری، تارق جبووری، بەدر فەحل
 
کاتی دانیشتنی پەرلەمان و کاریگەریی وەرزی حەج
 
بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی حەج، لایەنەکان پەلەیانە، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رووداوی گوت، بە رێکردنی کاروانی حاجییان تاوەکو رۆژی یەکشەممە 17 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
 
عەقیل ردینی گوتی، "رەنگە رۆژی پێنجشەممە یان شەممە دانیشتنەکە بکرێ و 14 بۆ 15 وەزارەت پەسەند بکرێن." سروە محەممەد و هیوا مەلائادەم-یش هاوڕا بوون کە دەبێت دانیشتنەکە پێش وەرزی حەج بەڕێوەبچێت. بە گوتەی هیوا مەلائادەم، "150 بۆ 160 پەرلەمانتار دەچنە حەج و ئەو کاتە رێژەی یاسایی تەواو نابێت."
 
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، هەر دانیشتنێک پێویستە بەر لە 48 کاژێر کارنامەکەی بڵاو بکرێتەوە، ئێستا چاوەکان لەسەر ئەو دانیشتنەی پەرلەمانن کە بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکومەت و کارنامەکەی دەبێت.
 
بەگوێرەی دەستوور، پێویستە زیاتر لە ئەندامانی کابینە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنن، بۆ ئەوەی حکومەتەکە دەستبەکار بێت.
 
نیوەی ئەو ماوە دەستوورییە 30 رۆژییە بەرەو کۆتایی دەچێت، کە لەبەردەم عەلی فالح زەیدی راسپێدراو بۆ پێکهێنانی حکومەتە، بۆ ئەوەی ناوى کابینە 23 وەزارەتییەکەی رادەستی پەرلەمان بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە