نەبوونی بودجە کارەکانی شاری ئووری گەشتیاریی لە زیقار وەستاندووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاری ئووری گەشتیاریی عێراق، بەهۆی پەککەوتنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی تووشی گرفت بووە و لەبەر نەبوونی بودجە کارکردن لە بەشێکی وەستاوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارە گەشتیارییەکە دەڵێت، تاوەکو تەواوی پڕۆژە بیناسازییەکان تەواو نەبن، ناتوانرێت هەلی کار بۆ گەنجانی پارێزگای زیقار برەخسێنرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 13ی ئایاری 2026، ماجد سەفاح، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شاری ئووری گەشتیاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارەکانی دروستکردنی (مۆزەخانەی جیهانیی ئوور) گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و نزیکەی 90%ی تەواو بووە، بەڵام کارکردن لە پڕۆژەی (شاری دراما) بە تەواوی وەستاوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە و بودجەی پێویست."
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ئەیلوولی 2025دا، رێژەی تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە 70% بوو و چاوەڕوان دەکرا تاوەکو ئێستا کارەکانی هەردوو پڕۆژەکە کۆتاییان هاتبێت.
 
سەبارەت بەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بەردی بناخەیان بۆ دانرابوو، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەکە گوتی، "تاوەکو ئێستا دەست بە دروستکردنی هۆتێلە 7 ئەستێرەییەکە و مزگەوتی ناو شارەکە نەکراوە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە 400 دۆنم زەوی بۆ فراوانکردنی شارەکە تەرخانکراوە، بەڵام هیچ کارێکی مەیدانی بۆ دروستکردنی بنکە گەشتیارییەکان تێدا ئەنجام نەدراوە.
 
هەرچەندە پێشتر بڕیار وابوو لە کۆتایی ساڵی 2026دا شارەکە بە رووی گەشتیاراندا بکرێتەوە، بەڵام ماجد سەفاح دەڵێت، "بەپێی ئەو دۆخە دارایی و هونەرییەی ئێستا هەیە، ناتوانرێت هیچ وادەیەک بۆ کردنەوەی فەرمی و تەواوەتی شارەکە دەستنیشان بکرێت."
 
سەبارەت بە هەلی کار و وەبەرهێنان، ماجد سەفاح روونی کردەوە کە تاوەکو ئێستا "تەنیا دوو چێشتخانە" وەک دەرفەتی وەبەرهێنان کاریان تێدا دەکرێت، گوتیشی، "تاوەکو تەواوی جومگەکانی شارەکە و پڕۆژە بیناسازییەکان تەواو نەبن، ناتوانرێت هەلی کار بۆ گەنجانی پارێزگای زیقار برەخسێنرێت."
 
شاری ئووری گەشتیاری کە لەسەر رووبەری 433 دۆنم و لە نزیک زەقوورەی ئوور لە شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقار دروست دەکرێت.
 
شاری ئوور کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 2016دا خراوەتە لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆ و دوای سەردانەکەی پاپا فرانسیس لە ساڵی 2021، حکومەتی عێراق بڕیاری دا شارێکی گەشتیاریی مۆدێرن لە تەنیشت شوێنەوارەکان دروست بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

قاسم ئەعرەجی بۆ رووداو: هیچ مەترسی و هەڕەشەیەک لەسەر هەرێمی کوردستان نییە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دڵنیایی دەدات لەوەی "هیچ مەترسییەک" لەلایەن ئێرانەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان نییە؛ ئاماژە بەوەش دەدات کە حکومەتی عێراق رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێ