رووداو دیجیتاڵ
هەر پەرلەمانتارێکی عێراق، حەجکردنی بە دیاری پێدراوە، سەرپشک کراون لەوەی خۆیان دەچن یان کەسێکی دیکە دەنێرن. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم ساڵ دەچنە حەج لە 100 ئەندام پەرلەمان زیاترە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر هەر پەرلەمانتارێک دوو پشکی حەجی هەبوو بۆ ئەوەی کەسانی دیکەی پێ بنێرێت، بەڵام ئەم ساڵ تەنیا یەک بەش بۆ هەر پەرلەمانتارێک دیاریکراوە لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەگوترێت (حەجی موجامەلە)، کە سعودیە لە رێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە دابینی دەکات."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەگەر پەرلەمانتارەکە خۆی نەچێت، دەتوانێت کەسێک لەجیاتی خۆی دیاری بکات، بەڵام تەواوی تێچووی حەجەکە لە ئەستۆی پەرلەمانتارەکە یان ئەو کەسەیە کە دەچێت، نەک دەستەی حەج و عومرەی عێراق یان سعودیە.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم ساڵ فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن، شێروان دووبەردانی گومانی لەو ژمارە هەبوو کە باس لەوە دەکات تەنیا 29 پەرلەمانتار بن و گوتی، "پێموانییە ژمارەکە دروست بێت و زیاتر لە 100 پەرلەمانتار دەچنە حەج."
هیوا مەلائادەم، پەرلەمانتاری رەوتی هەڵوێست کە کەسێکی لەبری خۆی رەوانەی حەج کردووە، پێیوایە ژمارەکە زۆر زیاترە لەوەی باس دەکرێت و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "150 بۆ 160 پەرلەمانتار دەچنە حەج."
ئەم ساڵ پشکی حەجی عێراق 43 هەزار کەسە. د. موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، زانیاریی زیاتری بۆ رووداو خستەڕوو و رایگەیاند، "لە دەرەوەی پشکی حەجی عێراق، باڵیۆزی سعودیە دەسەڵاتی پێدانی ڤیزای حەجی هەیە کە حەجی موجامەلەی پێ دەگوترێت و ساڵانە دەیداتە پەرلەمانتاران و سیاسییەکانی عێراق. ئەمە تەنیا ڤیزایە و تێچووەکەی لەسەر پەرلەمانتارەکەیە."
د. موسەننا ئەمین، ئاماژەی بەوەش کرد، لەوەتەی بووەتە پەرلەمانتار، کورسییەکانی حەج و عومرەی خۆی بەکارنەهێناوە و داویەتیە "خەڵکی شایستە."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئەوەشی خستەڕوو، جیا لەو پەرلەمانتارانەی بۆ حەج دەچن، ساڵانە پەرلەمانی عێراق شاندێک بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ پرۆسەی حەج و خزمەتگوزارییەکانی حاجییانی عێراق، رەوانەی سعودیە دەکات.
ئەم ساڵ 43 هەزار کەس لە عێراق فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن کە پێنج هەزار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوەن، رۆژی 7ـی ئایاری 2026، یەکەمین کاروان لە هەرێمی کوردستانەوە بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بەرەو عەرەبستانی سعودیە بەڕێکەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ