کۆمیسیۆنى عێراق: ناوى مردووان لە تۆمارى دەنگدەران لادەبەین

13-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
ئارێز خالید، پێشکێشکاری رووداو و جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق
ئارێز خالید، پێشکێشکاری رووداو و جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، لەگەڵ هەردوو وەزارەتى تەندروستى و بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ ئەوەی ناوى مردووان لە تۆمارى دەنگدەرانى عێراق و هەرێمى کوردستان لاببەن و ئاماژەی بەوەشکرد، حەوت رۆژ بۆ تانەکان لەو تۆمارە دانراوە.
 
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-7-2023 لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00 کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "بۆ لابردنی ناوى مردووان لە تۆمارى دەنگدەرانى عێراق و هەرێمى کوردستان، لەگەڵ هەردوو وەزارەتى تەندروستى و بازرگانى کاردەکەین".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ى تەممووز، نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە ناوەندەکانى دەنگدانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە هەرێمى کوردستان دەستیپێکرد، ئەوەش وەک ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان.
 
9ى تەممووزى 2023 هەمان پڕۆسە لە پارێزگاکانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد و پڕۆسەکەش تاوەکو 7ى ئابى 2023 بەردەوام دەبێت.
 
جومانە غەلاى گوتیشى، "لەدواى کۆتاییهاتنى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران، حەوت رۆژ دەرفەت بۆ تانەدان لە تۆمارى دەنگداران دەبێت و دواتر لە ئەنجوومەنى کۆمسیارانى کۆمیسیۆن راستاندنى بۆ دەکرێت".
 
بڕیارە 18ى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 10-7-2023 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و داوایکرد، ئامادەیی پیشانبدات بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوایکردووە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی رۆژی 18ی تشرینی دووەم یان 18ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنەکە بکرێت و سەرپەرشتی بکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە