رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ئیلام دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 17 هەزار کەس لە دەروازەی سنووریی میهرانەوە بۆ زیارەتکردن چوونەتە عێراق. ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 4000 کەسیان بیانی بوون.
زاهدین چێشمەخاوەر، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 17 هەزار و 3 زیارەتکار لە رێگەی دەروازەی سنووریی میهرانەوە چوونەتە عێراق.
زاهدین چێشمەخاوەر گوتی، لەو ژمارەیەی بە دەروازە سنوورییەکەدا تێپەڕیون، 12 هەزار و 561ـیان ئێرانی و 4 هەزار و 442ـیان بیانی بوون.
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی ئیلام ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئامادەکاری و ئاسانکاریی هاتووچۆی زیارەتکاران لە دەروازە سنوورییەکەوە، دەست بە دروستکردنی 8 هەزار مەتر دووجا کەپر، دانانی فێنککەرەوە و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە کراوە.
دەروازەی سنووریی میهران بەهۆی نزیکی لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعەوە لە عێراق، زیاترین زیارەتکار هاتووچۆی پێدا دەکەن.
زاهدین چێشمەخاوەر ئەوەشی خستەڕوو، لە 21-03-2024ەوە یەک ملیۆن و 434 هەزار کەس بە دەروازە سنوورییەوەکەدا هاتووچۆیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ