مادەى هۆشبەر لە شێوەى لوقمى منداڵ هێندراوەتە عێراق

13-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

مادەى هۆشبەر لە شێوەى لوقمى جەلاتینى منداڵ و لەنێو چەند جۆرێک لەنێرگەلەى ئەلیکترۆنی هێندراوەتە عێراقەوە، ئەندامێکى لێژنەى  بنەبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کاریگەرییە دەروونییەکانى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: " هێنانى ئەو مادەى هۆشبەرە، لە رێگەى لوقمەکەوە بۆ دوورخستنەوەی بووە لە گومان نەک ئەوەى بدرێتە منداڵان".
 
فەرمانگەى دادپزیشکى عێراق ئاشکرایکرد، چەند مادەیەکى هۆشبەریان پێگەیشتووە کە لە شێوەى لوقمى جەلاتینى منداڵ و لەنێو نێرگەلەى ئەلیکترۆنیدا بووە.
 
ئەو زانیارییانەى فەرمانگەى دادپزیشکى عێراق لە راگەیێندراوێکدا بوو کە لەسەر زارى د. زەید عەلى عەباس، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەکەوە کە 12ى ئاب لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە  و تیایدا ئاماژەى بەوەداوە کە ئەو مادە هۆشبەرانەى لەلایەنە لێکۆڵەرەوەکانەوە بەدەست گەیشتووە.
 
13ى ئابى 2023 ماجید شنگالى، ئەندامى لیژنەى بنەبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کاریگەرییە دەروونیەکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: هێنانى ئەو مادە هۆشبەرانە لە رێگەى لوقمى جەلاتینى منداڵەوە بۆ ئەوە نەبووە کە بدرێت بە منداڵ، بەڵکو بۆ ئەوە بووە کە گومان لەسەری لابدرێت و شێوازى دیکەش هەبووە بۆ هێنانى ئەو جۆرە مادە هۆشبەرانە لەوانە شاردنەوى لەنێو کیسەى چپس-دا.
 
ماجید شنگالى ئاماژەى بەوەشدا، رێگەى جیاواز دەگیرێنەبەر بۆ هێنانى مادەى هۆشبەر بۆ عێراق، لەوانە شاردنەوەى لەشوێنى هەستیارى قاچاخچییەکە، یان لە رێگەى ژنانەوە، هەروەها بەکارهێنانى درۆن بۆ گواستنەوەى.
 
بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەرى عێراق، لە مانگى تشرینى دووەمى ساڵى 2022 ەوە تائێستا زیاتر لە 12 هەزار کەس لەسەر دۆسیەى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە