بکوژی کارمەندەکەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی دەستگیرکرا

13-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، بکوژی کارمەندەکەی ئاژانسی هەواڵی عێراقییان دەستگیرکردووە.
 
پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێزێکی تایبەتی تیمی هەواڵگری رەسافەی بەغدا، توانیان ئێوارەی ئەمڕۆ بکوژی کارمەندەکەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی دەستگیربکەن."
 
عەمید میقداد میری راشیگەیاند، "بکوژ رادەستی دادگە کراوە و رێکاری یاسایی پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
 
بەڵام دادگەى لێکۆڵینەوەى رەسافە رایگەیاند، بکوژى رۆژنامەنووسەکەى ئاژانسى فەرمى عێراق لە پارێزگەى بەسرە خۆى رادەست کردووە.
 
ئەو دادگەیە لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەدا، فەرمانى راگرتنى ئەو تۆمەتبارەیان دەرکردووە و تیمى ئەمنى پێکھێنراوە بۆ دەستگیرکردنى و ئەوەش ناچاری کردووە لە بەسرە خۆى رادەست بکات. 
 
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئادار، ئاژانسی هەواڵی عێراقی، کوژرانی کارمەندێکی خۆی بە ناوی لەیس محەممەد رەزا، لە ئەنجامی روودانی شەڕەتەقە لە ناوچەی عەرەساتی بەغدا راگەیاند.
 
 
هەمان رۆژ، فەرماندەیی پۆلیسی رەسافەی بەغدا رایگەیاند، لەیس محەممەد، لە ئەنجامی بەشەڕهاتنی لەگەڵ یەکێک لە دراوسێکانیدا کوژراوە و کردەوەکە "تیرۆرکردن" نەبووە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوى دادگەى لێکۆڵینەوەى رەسافە، بکوژى رۆژنامەنووسەکە بەگوێرەى مادە 405 لە یاساى سزادانى عێراق رێوشوێنى یاسایی لە دژى دەگیرێتەبەر.
 
مادەى 405 و یاساى سزادانى عێراقى تایبەتە بە تاوانى کوشتنى بەمەبەست و سزاکەى دەگاتە بەندکردنى تاهەتایی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی زۆنگاوەکانی عێراق.

کشتوکاڵی پارێزگای زیقار: ئاوی زۆنگاوەکان بۆ نزیکەی 75 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە

سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پارێزگای زیقار دەڵێ، بەهۆی شەپۆلی ئەم دواییەی بارانبارینەوە ئاستی ئاو لە زۆنگاوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم بەرزبوونەوەیەی ئاو "ئومێدی لای دانیشتووانی ناوچەکە، بەتایبەتی ئاژەڵداران و جووتیاران بۆ بووژانەوەی ژینگەیی و ئابووری دروستکردووە."