رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی حقووق لە پەرلەمانى عێراق کە باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵایە، بڕیاریدا لە ببێتە ئۆپۆزسیۆن و رەخنە لە شێوازی پێکهێنانی حکومەتی ئێستا دەگرێت بەوەی "چەند عورفێکی داناوە کە مەترسییە بۆ سەر پڕۆسەی سیاسی".
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، فراکسیۆنی حوقووق لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونى لەناو پەرلەماندا.
حوسێن موئنیس، سەرۆکی فراکسیۆنەکە رایگەیاند: "هەڵوێستی سیاسیمان وا دەبێت کە دەبینە ئۆپۆزسیۆنێکی بونیاتنەر، بەشداربووین لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە حکومەت بۆ ئەوەی دەرفەتی هیوا بگەڕێنینەوە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت."
ئەو هەڵوێستەی بزووتنەوەی حقووق دوای ئەوە بوو کە بەربژێرانی 14 وەزارەتی کابینە 23 وەزارەتەکەی عەلی فالح زەیدی لە پەرلەمان پەسەند کران و ئەو حکومەتە متمانەی وەرگرت.
حوسێن موئنیس گوتی: "لەم حکومەتەدا بناخەی چەند عورفێکی مەترسیدار دانرا کە هەڕەشەن بۆ سەر ئایندەی پڕۆسەی سیاسی، لەپێش هەموویانەوە دەستوەردانی ئەمریکا و پشتگوێخستنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، کە وادەکات دەنگدەران لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن سارد ببنەوە."
بزووتنەوەی حقووق شەش کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە و باڵی سیاسیی کەتیبەکانى حیزبوڵایە کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانى وابەستەى کۆماری ئیسلامیی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ