رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ راگەیاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ (عەجاج ئەحمەد حەردان)، جەلادەکەی زیندانی نوگرە سەلمان، کەسوکاری ئەنفالکراوان بە هەلهەلە لێدان و دروشمی "بژی کوردستان" خۆشیی خۆیان دەربڕی و ئەو بڕیارەیان بە دادپەروەریی بۆ قوربانیانی ئەنفال وەسف کرد.
عەجاج کە پێشتر دانی بە تاوانەکانی کوشتن، بڕین و برسیكردنی زیندانیاندا نابوو، لە کاتی دادگاییکردنەکەدا هەوڵی نکۆڵیکردنی لە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر کچانی تەمەن 15 ساڵی کورد دا، بەڵام دادوەر بە پێشاندانی ڤیدیۆ و بەڵگەکانی دانپێدانانەکەی، هەموو رێگەیەکی نکۆڵیکردنی لێ بڕی.
جیاواز لە دانیشتنەکانی رابردوو، عەجاج نەیتوانی لەسەر پێیەکانی بوەستێت و بە ناچاری کورسییان بۆ هێنا. لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەدا، وەک ئەوەی دنیای بەسەردا رووخابێت، توانای رۆیشتنی نەما و پاسەوانەکان بردیانە دەرەوە. ئەو پیاوەی رۆژانە بە زەبری شەق و قامچی هەزاران کوردی دەناڵاند، لەبەردەم یاسادا بێدەسەڵات کەوتبوو.
عەجاج لە دانپێدانانەکانیدا ئاشکرای کردووە کە بەرپرسی زیاتر لە سێ هەزار زیندانیی کورد بووە و لە هەر ژوورێکدا 300 کەسی هەبووە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە رۆژانە بەهۆی ئەشکەنجە، برسییەتی و تینوێتی نزیکەی 8 کەس دەمردن؛ تەرمەکانیان لە دەرەوەی زیندانەکە بە کەمێک خۆڵ دادەپۆشران و هەندێکیشیان دەبوونە خۆراکی سەگەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ