رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق، بڕیاربوو کاژێر 07:00ی ئەم ئێوارەیە ئاسمانی عێراق بە رووی فڕۆکەکاندا بکرێتەوە، بەڵام وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، "کردنەوە و داخستنی ئاسمان تەنیا لە دەسەڵاتی ئێمەدایە و تاوەکو کاتێکی نادیار ناکرێتەوە."
رۆژی شەممە، 14ی حوزەیرانی 2025، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داخستنی ئاسمانیی وڵات بە رووی گەشتی فڕۆکەکان تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت؛ هیچ وادەیەکمان بۆ کردنەوەی دانەناوە و داخستن و کردنەوەشی تەنیا لە دەسەڵاتی وەزارەتی گواستنەوەدایە."
مەیسەم سافی گوتی، "کردنەوەی ئاسمان بۆ هاتن و چوونی فڕۆکەکان، پەیوەستە بە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە."
بە گوێرەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی گواستنەوە، "لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە هاتن و چوونی فڕۆکەکان بە رۆژ رێگەپێدراوە."
ئەمڕۆ هەریەک لە ئوردن، لوبنان و سووریا ئاسمانەکەیان کردەوە.
لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەش فڕۆکەخانە هەن: بەغدا، بەسرە، نەجەف، هەولێر، سلێمانی و کەرکووک.
بەیانیی دوێنێ هەینی، کۆمپانیای گشتیی خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەوانیی ئاسمانی بە قۆناخ ئاسمانی عێراقی داخست. وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی هەینی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "بەهۆی بارگرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران، راگرتنی تەواوی گەشتی ئاسمانی لە هەموو فڕۆکەخانەکانی عێراق و داخستنی کاتیی ئاسمانی وڵات بەردەوام دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ