سوودانی: پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی بنیات ناوە

14-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە پابەندی یاسای بودجە نەبووە، داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەست نەکردووە." هاوکات باسی پەیوەندیی خۆیشی لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەکات و دەڵێت: پەیوەندییەکی باشمان بنیات ناوە و باوەڕمان بە هاوبەشی هەیە."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا کە رۆژی دووشەممە، 14ی تەمموزی 2025 لە رۆژنامەی شەرقئولئەسەت بڵاوکراوتەوە، باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و یاسای نەوت و گاز دەکات.
 
هەرێمی کوردستان، بەغدا بە هەوڵدان بۆ برسیکردنی خەڵکی کوردستان تۆمەتبار دەکات، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "تۆمەتێکە هیچ هۆکار و بنەمایەکی یاسایی یان دەستووری نییە. خەڵكی کوردستان بەشێکن لە گەلەکەمان. ئەم حکومەتە بە تایبەتی، پەرۆش بووە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە ئەخلاقی و دەستوورییەکانی."
 
لەبارەی چارەسەری کێشەکانەوە سوودانی باس لەوە دەکات کە "ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەخۆگرتبوو، چارەسەرمان بۆ دانا. بەڵام ئێمە باس لە یاسای بودجە و بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەکەین، ئەمانەش بنەمای یاسایی ناچارکەرن کە سەرۆکوەزیران ناتوانێت بیانبەزێنێت".
 
محەممەد شیاع سوودانی، هەرێمی کوردستان بە هۆکاری کێشەکان دەزانێت: "لە دوای پەسندکردنی یاسای بودجە و پاشان هەموارکردنەوەی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستکردنی تەواوی ئەو نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت بە گوێرەی ئەوەی لە یاساکەدا هاتووە و دادگەی فیدراڵی پشتیوانیی لێکردووە. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە گەنجینەی گشتی، بەمەش، ئەمە پێشێلکارییەکی یاسا و بڕیاری دادگەی فیدراڵییە. بۆیە وەزارەتی دارایی ناتوانێت دارایی هیچ بودجەیەک دابین بکات ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەند نەبێت".
 
ئەو قسانەی سوودانی لە کاتێکدان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەغدا بەوە تۆمەتبار دەکات، پابەند نەبووە بە جێبەجێکردنی رێککەوتن و یاساکان.
 
بەگوتەی سوودانی"لە ئەنجامی گەڕانمان بەدوای چارەسەردا لە ماوەی رابردوودا، وای لێهات کە پارە لە دەرەوەی پشکی دیاریکراو بە گوێرەی یاسای بودجە خەرج بکەین، ئەمەش بەهۆی دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و جیاوازی لە لێکدانەوەکاندا لەنێوان پابەندبوون بە خەرجکردنی مووچە و پابەندبوون بە پشکی دیاریکراو لە یاسای بودجەدا بە بەراورد بە خەرجیی راستەقینەی بودجەی گشتی ئەمانە پرسێکی یاسایی و تەکنیکیی روونن، نەک بڕیارێکی سیاسی، بەڵگەکەش ئەوەیە کە ئێستا گفتوگۆکان لەسەر بڕی ئەو نەوتەیە کە رادەست دەکرێت".
 
سوودانی رەتیکردەوە ئامانجیان لە خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ویستی لایەنە سیاسییەکانی بەغدا بێت بۆ لێدان بێت لە هەرێمی کوردستان و گوتی: "هەرگیز، هەرێم قەوارەیەکی دەستوورییە و دەوڵەتی عێراق بە هەموو پێکهاتە و دەسەڵاتەکانییەوە رێزی لێدەگرێت، ئێمەش پەرۆشی سەقامگیریی هەرێمین، بەڵگەش ئەوەیە کە ئێمە یارمەتیدەر و پشتیوان و بەشدار بووین لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی هەشت بۆ نۆ مانگ لەمەوبەر کراون".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە "هەموو هێزە سیاسییەکان پەرۆشی سەقامگیریی هەرێمن؛ چونکە بەشێکە لە سەقامگیریی عێراق و هیچ دەستێوەردانێکی سیاسی لەم پرسەدا نییە."
 
نزیکەی 80 رۆژە فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە لەبارەی چارەسەرێکی نزیک بۆ ئەو پرسە، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "لە دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی سێشەممەی رابردوودا، بابەتەکە بە وردی گفتوگۆی لەسەر کرا و ئەو  پڕۆژەی وەزارەتە فیدراڵییەکان و ئەوەی حکومەتی هەرێم پێشکێشیان کردبوو، خرانەڕوو. لیژنەیەکمان پێکهێنا بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان و ئەندامێتیی پێنج وەزیر، بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە شێوازێکی سازان لەنێوان هەردوو پرۆژەکە کە لەگەڵ دەستوور و یاسا و بڕیاری دادگای فیدراڵیدا بگونجێت، تا راسپاردەکانیان پێشکێش بە ئەنجوومەنی وەزیران بکەن بە مەبەستی پەسندکردنی، دوای دڵنیابوونەوە لە بوونی پابەندییەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە ناوەڕۆکی ئەم پرۆژەیە."
 
پەیوەندی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی  محەممەد شیاع سوودانی تەوەرێکی دیکە بوو، دەگوترێت ئێستا پەیوەندییە باشەکە پاشەکشەی کردووە، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق  جەختی لەوەکردەوە: "بە دڵنیاییەوە هەڵەیە... سەرۆک مەسعود بارزانی کەسایەتییەکی نیشتمانیی بەڕێزە و هەموو رێز و پێزانینێکمان بۆی هەیە. لە ماوەی رابردوودا پەیوەندییەکی باشمان بنیات ناوە،  باوەڕمان بە هاوبەشی لەگەڵیدا هەیە لە بەڕێوەبردنی هەڵوێستی سیاسی".
 
وەک سوودانی باسی کرد "ناکۆکی یان جیاوازیی هەڵوێستی ئەم دواییە، یاسایی و تەکنیکییە نەک سیاسی. ئەویش (سەرۆک مەسعود بارزانی) باش دەزانێت کە ئێمە زۆر پەرۆشی بەرژەوەندییەکانی رۆڵەکانی گەلەکەمانین، جا چ لە هەرێمی کوردستان بێت یان لە پارێزگاکانی دیکە. بەڵام بە دڵنیاییەوە دەسەڵاتی رەهامان نییە کە دەستوور و یاسا ببەزێنین. ئێمە ئەمانەتپارێزی سامانی گشتیی هەموو عێراقییەکانین و ئەرکمانە دادپەروەری و یەکسانی بەدی بهێنین بەبێ هیچ جیاکاری و هەڵاوێردنێک".
 
تاوەکو ئێستا عێراق بێ یاسای نەوت و گازە، یەکێک لە بڕگەکانی بەرنامەی حکومەتی سوودانی، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز بوو، رێککەوتنی لایەنەکانیشی لەسەر بووە، بەڵام تەمەنی ئەو حکومەتە چەند مانگێکی کەمی ماوە، لەوەبارەوە هیچ شێوەچوونێک نییە. 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە گوتی: "لە بەرنامەی حکومیدا بوو. دەستمان کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەیەکی سیاسیش. دوو یان سێ کۆبوونەوەمان کرد و هەرێم لە ناردنی شاند وەستا، سەرەڕای داواکاریی ئێمە بۆ ئەوەی رەشنووسی ئەم پڕۆژەیە گەڵاڵە بکەین؛ چونکە پێمانوایە ئەم قۆناخە گونجاوە و بەشێکی سەرەکی و ریشەییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و گرێبەستەکانی و دەسەڵاتەکانی هەرێم و پارێزگاکان".
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە