رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق لیژنەیەک لە سێ وەزیرى کورد، سوننە و شیعە پێکدەهێنێت بۆ یەکلاییکردنەوەى پڕۆژەیاساى نەوت و گاز کە سێ خاڵى جێگەى ناکۆکى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیی عێراقن. بەگوتەى ئەندامێکى لیژنەى نەوت و گاز لە پەرلەمانى عێراق، ئەو پڕۆژەیاسایە زیاتر لە 40 مادە دەبێت و ئەگەر هەیە لەدوو هەفتەى داهاتوودا لە ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق دەنگى لەسەر بدرێت.
لیژنەى حکومى پێکدەهێندرێت
بۆ یەکلاییکردنەوەى پڕۆژەیاساى نەوت و گاز و کۆکردنەوەى داواکارى و تێبینییەکانى پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت و هەرێمى کوردستان، بڕیارە لیژنەیەکى حکومى پێکبهێندرێت.
نەهرۆ رواندزى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق رۆژی دووشەممە 14-8-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیاریداوە بە پێکهێنانى لیژنەیەک لە سێ وەزیرى حکومەتى عێراق لە هەر سێ پێکهاتەى کورد و شیعە و سوننە بۆ یەکلاییکردنەوەى پڕۆژەیاساى نەوت و گاز."
پێشتر لە ساڵانى 2007 و 2011 دوو پڕۆژە یاساى نەوت و گاز لەلایەن حکومەتى عێراقەوە ئامادەکرا و رەوانەى پەرلەمان کرا، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى لایەنەکان دەنگیان لەسەر نەدرا.
ناکۆکییەکان لەسەر چین؟
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، ناکۆکیی سەرەکى لەبارەى یاسای نەوت و گاز لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیی عێراق لەسەر دەسەڵاتى تایبەت بە بەرهەمهێنانى نەوت و گاز و چۆنێتى بەڕێوەبردنى کێڵگە هاوبەشەکان و شرۆڤەى مادەى 11ى دەستوورە کە دەڵێت، "نەوت و گاز موڵکى هەموو گەلى عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاکان."
5ـی ئابى 2023، یەکەم کۆبوونەوەى تایبەت بە تاوتوێکردنى پرسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە بەغدا کرا بە بەشداریى شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وەزیرانى دەرەوە و نەوتى حکومەتى فیدراڵیی عێراق، نوێنەرانى پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت و گاز و راوێژکارانى سەرۆکوەزیرانی عێراق.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بۆچوونەکان سەبارەت بە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا. یەکێکیان ئەو پارێزگا بەرهەمهێنەرانەى نەوتن کە بڕى بەرهەمهێنانى نەوتیان زۆرە، لەوانە پارێزگاى بەسرە کە نزیکن لە بۆچوونى هەرێمى کوردستانەوە بەوەى دۆخێکى تایبەتیان پێ بدرێت و پشت بە دەستوور ببەسترێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە. بەشێکى دیکەشیان ئەو پارێزگایانەن کە بەرهەمى نەوت و گازیان کەمە و زیاتر لە بۆچوونى حکومەتى فیدراڵیی عێراقەوە نزیکن.
بەگوێرەى بڕگەى شەشەمى مادەى 13ـی یاساى بودجەى گشتیى عێراق، رادەستکردن و فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى ئەو یاسایە کارى پێدەکرێت تاوەکو ئەو کاتەى یاسای نەوت و گاز دەردەچێت کە سەرەکیترین بڕگەکانى ئەو مادەیەى بودجەکە ئەوەیە، هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى حکومەتى فیدراڵى دەکات و لە بەرامبەردا شایستەی دارایی وەردەگرێت.
زیاتر لە 40 مادە
بەگوێرەى کارنامەى حکومەتى عێراقى بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانى کە 27ى تشرینى یەکەمى 2022 لە پەرلەمان دەنگى لەسەر درا، دەبێت هەردوو حکومەتى فیدراڵیی عێراق و هەرێمى کوردستان سەرپشک بکرێن بۆ دانوستاندن لەبارەى دۆسیەى نەوت و بودجە بۆئەوەی لە ماوەى شەش مانگدا پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بە گوێرەى دەستوور گەڵاڵە بکرێت.
ئەو شەش مانگە تەواو بووە بێ ئەوەى ئەو پڕۆژەیاسایە ئامادە بکرێت، کە بە کلیلى چارەسەرى کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیی عێراق دادەنرێت.
عەلى لامى، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق رۆژی دووشەممە 14-8-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، مادەکانى پڕۆژەیاسای نەوت و گاز زیاتر دەبن لە 40 مادە، لەکاتێکدا لە پڕۆژە یاساکانى پێشوودا ژمارەى مادەکانى کەمتر بوون؛ گوتیشى، "رەشنووسەکە بەگوێرەى تێڕوانینى پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت و رێککەوتنە سیاسییەکان دەبێت."
عەلى لامى پێشبینیکرد لە ماوەى دوو هەفتەى داهاتوودا پڕۆژەیاساى نەوت و گاز رێککەوتن لەبارەیەوە بکرێت و لە ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق دەنگى لەسەر بدرێت و بنێردرێت بۆ پەرلەمان بەمەبەستى پەسندکردنى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ