رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نووسراوێک، دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری لە عێراق، ناوی 6 بەربژێری هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کەرکووکی خستووەتە لیستی ئەو کەسانەی، کە دەکەونە ژێر رێکارەکانی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری. لەنێو بەربژێرەکاندا، بەربژێرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو بەربژێری هاوپەیمانیی تورکمانی و سێ بەربژێری لایەنە عەرەبییەکان هەن.
نووسراوەکە لەلایەن "نووسینگەی نیشتمانی"یەوە لە 13ـی ئابی 2025 ئاراستەی "لقی کاروباری پارت و بەربژێرەکان/ نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کەرکووک" کراوە. تێیدا ئاماژە بە نووسراوی ژمارە (م.خ/2085)ـی نووسینگەی سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری کراوە و داوا دەکات ئەو 6 بەربژێرە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەریی ژمارە 10ـی ساڵی 2008 دەیانگرێتەوە.
عەلی عەباس، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک، بە (رووداو)ی گوت: "چاوەڕێی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانین رۆژی یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، بڕیار لەبارەی دوورخستنەوەی ئەو 6 بەربژێرە بدات".

گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن گوتیشی، لە دوای دەرکردنی بڕیارەکەوە و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیان دەست پێدەکەن.
لێپرسینەوە لە هەر بەربژێرێک بەم یاسایە، کە بە یاسای بنبڕکردنی بەعس ناسراوە، ئەگەری دوورخستنەوەی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان بەهێز دەکات.
ئەو شەش بەربژێرەی کە نووسراوەکە گرتوونیەتییەوە:
زیاد فەهد بەیجان حەسەن کاکەیی - یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (زنجیرە 14)
باسم غازی فلەیح حەسەن ئەمرلی - هاوپەیمانیی رزگارکردنی تورکمانی کەرکووک (زنجیرە 3)
هشام عەبدولحەمید رەشید خورشید حەسەکی- هاوپەیمانیی رزگارکردنی تورکمانی کەرکووک (زنجیرە 9)
حەمزە حەسەن شەوقی خەلیل سەباحی- حیزبی عومران (زنجیرە 18)
غەسان محەممەد ئیبراهیم محەممەد حەمدانی- حەسـمی نیشتمانی (زنجیرە 7)
عەبدولکەریم عەبدولڕەحمان یوسف حەمادی عزی- حەسـمی نیشتمانی (زنجیرە 2)
بەپێی نووسراوەکە، هەموو بەربژێرەکان لە بازنەی هەڵبژاردنی کەرکووکن. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت وردبینی لە دۆسیەی بەربژێرەکاندا یەکێک لە بابەتە هەستیارەکانی قۆناخی پێش هەڵبژاردن بێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 11 تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت. کۆمسیۆن رایگەیاندووە بەردەوام دەبێت لە وردبینیکردنی ناوی پاڵێوراوەکان و دوورخستنەوەی هەر پاڵێوراوێک کە مەرجە یاساییەکانی تێدا نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ