عێراق بە بەهای یەک ملیار دۆلار گرێبەست لەگەڵ بانکی جیهانی واژۆ دەکات

14-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عێراق چەند گرێبەستێکی وەبەرهێنانی بە بەهای یەک ملیار دۆلار لەگەڵ دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) باڵی کەرتی تایبەتی بانکی نێودەوڵەتی، واژۆ کرد. وەبەرهێنانەکە لە کەرتەکانی وزە، کشتوکاڵ و داراییدا دەبێت. 
 
لە رێوڕەسمێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی لە عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گرێبەستە نوێیەکانی لەگەڵ کەرتەکانی تایبەت و گشتیی وڵاتەکەی راگەیاند.
 
IFC لە راگەیێندراوێکدا، رایگەیاند، "وەبەرهێنان و کاری نوێ بە بەهای یەک ملیار دۆلار لە بواری وزە، ژێرخان، کشتوکاڵ و داراییدا" لە عێراق دەکات.
 
سوودانی گوتی: "راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی رۆڵی لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی ئابووریی عێراقدا هەبووە".
 
نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی ئاماژەی بەوەکرد، گرێبەستەکان رێککەوتنێکی 500 ملیۆن دۆلاری بۆ وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ و پەرەپێدانی دامەزراوە گازییەکانی پارێزگەی بەسرە لەخۆدەگرێت.
 
عێراق کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت، هەوڵدەدات دەیان ساڵ لە شەڕ و نائارامی تێپەڕێنێت، بەڵام هێشتا بەدەست ژێرخانی لاواز، خراپیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەڕێوەبردنی خراپ و گەندەڵیی بەربڵاوەوە دەناڵێنێت.
 
وڵاتەکە تازە سەقامگیرییەکی تاڕادەیەک سنوورداری بەدەستهێناوەتەوە و بەرپرسان هیوادارن لە سەرجەم کەرتەکاندا وەبەرهێنانی بیانی رابکێشن.
 
بە گوێرەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، "گەشەی ئابووریی نانەوتی وڵاتەکە "خاو بووە"، ئەوەش بەهۆی کەمیی بەرهەمهێنان، سنوورداریی وەبەرهێنان و بەکارهێنانی ناکارامەی سەرمایەی مرۆیی."
 
لە رێوڕەسمەکەدا، سوودانی ستایشی کەرتی تایبەتی عێراقی کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان "سەرەڕای کێشەی بیرۆکراسی، گەندەڵی و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان".
 
دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی، کە بنکەکەی لە واشنتنە، دەڵێت، لە ساڵی 2005ـەوە، واتە لە لووتکەی ئەو شەڕەی کە بە هێرشی ئەمریکا دەستیپێکرد، زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلاری بۆ پڕۆژەکانی عێراق وەبەرهێناوە و کۆکردووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە شارێکی عێراق. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە

باران نوێژی ملیۆنیی سەدرییەکانی راگرت

بە فەرمانی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەو نوێژە ملیۆنییەی داوای کردبوو لە پارێزگای بابل بکرێت، بەهۆی باران و سەرماوە دواخرا